رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خانەنشینبوونی سەرۆکی دادگەی دەستووریی تورکیا، ئەنجوومەنی دادوەرانی سەر بە دادگەکە، سەرۆکێکی نوێیان هەڵبژارد.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 21ی ئاداری 2024، هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی دادگەی دەستووری تورکیا کرا. قادر ئۆزکایا بە سەرۆکی نوێی دادگەکە هەڵبژێردرا، کە باڵاترین و بە دەسەڵاتترین دادگەی ئەم وڵاتەیە.
ئەنجوومەنی دادوەرانی دادگەی دەستووریی تورکیا لە 15 ئەندام پێکدێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و دەستووری تورکیا، یەکێک لەم 15 ئەندامە بە زۆرینەی دەنگ دەبێتە سەرۆکی دادگە و بۆی هەیە سێ خول خۆی بەربژێر بکات.
بەهۆی ئەوەی زوهدو ئارسلان، تەمەنی یاسایی پڕکرد و دوێنێ خانەنشین کرا، هەڵبژاردن بۆ سەرۆکێکی نوێ لەنێو ئەم 15 ئەندامەدا کرا.
قادر ئۆزکایا لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە، 9 دەنگی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی نوێی دادگەکە هەڵبژێردرا. دادوەر یوسف شەڤکی هاکیێمەز، بەربژێرە رکابەرەکەشی تەنیا 6 دەنگی بەدەستهێنا.
رۆژی 2ـی شوباتی 2022، قادر ئۆزکایا، بۆ سەرۆکایەتی دادگەی دەستوور، خۆی بەربژێر کردبوو، بەڵام تەنیا دوو دەنگی بەدەست هێنابوو. زوهدو ئارسڵان بە 8 دەنگ بە سەرۆک هەڵبژێردرا. عیرفان فیدان-یش پێنج دەنگی بەدەستهێنابوو.
قادر ئۆزکایا، رۆژی 20ـی نیسانی 2026، خانەنشین دەبێت و تەنیا دوو ساڵ سەرۆکایەتیی دادگەی دەستووری تورکیا دەکات.
ناوبراو، یەکێکە لەو هەشت دادوەرانەی دادگەی دەستووری تورکیا کە لێسەندنەوەی متمانە لە جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا لە بازنەی هاتای سەر بە فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا بە نایاسایی و نادەستووری ناساند و دانی بە بڕیارەکە نەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ