رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، لە بەرامبەر هەر ئەگەرێکی داخستنی پارتەکەیان بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بڕیاریانداوە بە ناوی پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە) بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵ بکەن.
میدحەت سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەڤپەیڤینێکی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنیدا کە ئەمشەو 22ـی ئاداری 2023، بڵاوکرایەوە، باسی لە بڕیاری ئەمڕۆی دادگەی دەستووریی تورکیا کرد و رایگەیاند: "دادگەی دەستووریی بڕیاریدا رۆژی 11ـی نیسانی 2023 بۆ دوایین جار بەرگری و داکۆکی لە داخستنی پارتەکەمان بکەین".
رۆژی چوارشەممە دادگەی دەستووریی تورکیا جارێکی دیکە داواکارییەکی هەدەپەی رەتکردەوە، کە داوای کردبوو، دۆسیەی دادگایی داخستنەکەی بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری ئەمساڵ دوابخات.
میدحەت سانجار رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەگەرەکان بڕیاریانداوە بە ناوی پارتی سەوزی چەپ بەشداریی هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار بکەن و گوتی: "ئەگەری داخستنی پارتەکەمان لە هەزاردا یەک-یش بێت، بۆ ئێمە ریسک و مەترسییەکی گەورەیە و ئێمەش نامانەوێت چارەنووسی ئەم هەموو دەنگە بەفیڕۆ بچێت و لانیکەم پێویستمان بە پاراستنیانە، بۆیە بە ناوی پارتی سەوزی چەپ بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەین".
سانجار راشیگەیاند، پارتی سەوزی چەپ پارتێکی هاوپەیمانیانە و هەموو کاروباری رێکخستنەکانی تەواو کردووە و لەگەڵ یاسا و رێساکانی پارتە سیاسییەکان و دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان گونجاوە و هیچ کێشەیەکی نییە، بۆیە گوتی: "ئەگەر کێشەیان بۆ پارتی سەوزی چەپ-یش دروست بکردایە، بژاردەی دیکەمان دەبوو".
هاوسەرۆکی هەدەپە ئاشکرای کرد، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هەدەپە ئەم بڕیارەیانداوە، بەڵام هەندێک لە ئەندامەکان داوای کاتیان کرد بۆ ئەوەی بە وردی بیری لێبکەنەوە تاوەکو بڕیاری هەڵە نەدرێت. گوتیشی: "تەنانەت لۆگۆی هەدەپە و یەسەپە-ش زۆر لەیەکدی دەچن و دەنگدەرانیان هەڵە ناکەن لەوەی دەنگ بە خانەیەکی دیکە بدەن".
هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی: "ئەم جۆرە مانۆڕە سیاسییانە هیچ پەیوەندی بە بابەتی پارتی سیاسییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە هەڵبژاردنێکی زۆر هەستیار و چارەنووسساز هەیە و پێویستمان بە گۆڕینی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی کەشێکی دیموکراسی و ئازادانە بۆ تورکیا بگەڕێنینەوە. دەنگدەرانی ئێمەش کلیلی ئەم گۆڕانکارییە سەرەکییەن و لە تواناماندایە هاوسەنگیی سیاسی بگۆڕین، بۆیە ناچارین زۆر بەوردی ئەم جۆرە هەنگاوانە بنێین".
سەبارەت بە پێشبینییان بۆ ژمارەی کورسییەکانیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی: "پێشبینی دەکەین سەرووی 100 کورسی بەدەست بهێنین".
پارتی سەوزی چەپ لە 25ـی تشرینی 2012 بە ناوی (پارتی سەوزەکان و ئاییندەی چەپ) دامەزراوە و رۆژی 2ـی نیسانی 2016 لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی تورکیا یەکیانگرت و ناوەکەی بۆ پارتی سەوزی چەپ گۆڕدرا. پارتەکە تائێستا چوار کۆنگرەی بەستووە و ئەندامی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراسی (هەدەکە)ن و رۆڵیان هەبووە لە دامەزراندنی هەدەپە و ئەندامی پارتی سەوزی ئەوروپین.
سیستمی سەرۆکایەتییان "هاوگوتەبێژە" و هەریەک لە ئیبراهیم ئاکن و چیدەم کڵچگون ئوچار، هاوگوتەبێژی پارتەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ