دەم پارتی بانگهێشتی کۆنگرەی ئاکپارتی نەکراوە

22-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سبەی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) 8ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی لە ئەنقەرە سازدەکات. دەم پارتی، پارتی ئایندە و پارتی دێڤا بانگهێشت نەکراون. 
 
سبەی یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، 8ــەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، تاکە بەربژێرە بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە.
 
ئەرکان کاندەمیر، یاریدەدەری سەرۆک و بەرپرسی رێکخستنەکانی ئاکپارتی رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت کۆنگرەکە بە بەشداری هەزار و 607 ئەندام و ئامادەبوونی هەزاران میوان بەڕێوەبچێت. 
 
بە گوتەی بەرپرسی رێکخستنەکانی ئاکپارتی، لە کۆنگرەکەدا 95 باڵیۆزی وڵاتان، 28 پارتی سیاسیی لە 13 وڵات، 127 رێکخراوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری دەکەن. هەروەها 56 میدیا و دامەزراوەی راگەیاندنی نێوخۆیی و جیهانی، رووماڵی کۆنگرەکە دەکەن. 
 
کاندەمیر راشیگەیاند، بانگهێشتی فەرمیی ئاراستەی هەریەک لە جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، پارتی یەکگرتنی مەزن، هوداپار، پارتی سەرلەنوێ رەفاه، پارتی سۆسیالیست دیموکرات، پارتی سەعادەت و پارتی وەتەن کراوە بۆ بەشداریکردنیان لە یەکەم دانیشتنی پرۆتۆکۆلی کۆنگرەکە. 
 
هەریەک لە دەم پارتی، پارتی دێڤا بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان و پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داودئۆغڵو، بانگهێشتی کۆنگرەکە نەکراون. 
 
هاوکات ئەمڕۆ ئەحمەد داودئۆغڵو و عەلی باباجان لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا رەتیانکردەوە بەشداری لە کۆنگرەی ئاکپارتیدا بکەن. ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند، "ئێمە ئەو کەسە و پارتە سیاسییە نین، دەستی گڵاو بە گەندەڵی بە دەسماڵی پاکی ئێمە بسڕدرێتەوە، بۆیە هەرگیز بەشداری ناکەین. 
 
رۆژی 21ـی مانگ، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ رایگەیاند، بەشداری لە کۆنگرەی ئاکپارتی ناکەن و گوتی: "ئەوەی لە هەڵبژاردنەکان بەدەستیان نەهێنا بە هەڕەشە و بە پارەی دەوڵەت شەش سەرۆکشارەوانیی سەرلەنوێ رەفاهیان خەڵەتاند و چوونە ریزەکانی ئاکپارتی. چۆن لە کۆنگرەیەک بەشدار بین، ئەندامەکانی پێشوومان بە بوونیان بە ئاکپارتی خەڵات بکرێن. ئەمەی کردوویانە گەندەڵیی و نادادیە."
 
28ـی تشرینی دووەمی 2024 کۆنفرانسەکانی لقی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیانپێکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە 29 کۆنفرانس کرد.
 
رۆژی 7ـی شوباتی 2025 کۆنفرانسەکان کۆتاییان هات. دواترینیان کۆنفرانسی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی ئاکپارتی بوو.
 
ئاکپارتی لە 14ـی ئابی 2001 دامەزراوە و لە هەڵبژاردنی سێی تشرینی دووەمی 2002 بە 365 کورسی سەرکەوت و بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا و 23 ساڵە پارتی دەسەڵاتدارە.
 
تاوەکو ئێستا 7 کۆنگرەی ئاسایی و چوار کۆنگرەی نائاسایی رێکخستووە؛ 11 ملیۆن و 135 هەزار و 306 ئەندامی هەیە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: چاوەکان لەسەر حکومەتی تورکیان

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، هەموو چاوەکان لەسەر حکومەتی تورکیان. دەشڵێت، پێویستە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت