پارتێکی سیاسی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کشایەوە

22-02-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گەنج پارتی، بە فەرمیی کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، پێشکێشی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، موراد هاکان ئوزان، سەرۆکی گەنج پارتی، کشانەوەی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا راگەیاند کە بڕیارە لە رۆژی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت. 
 
ئوزان ئەوەشی خستەڕوو، کە بە نووسراوێکی فەرمیی کە واژۆی خۆی لەسەرە، کشانەوەی گەنج پارتیی پێشکێشی سەرۆک و ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا کردووە و بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارەکەی، بەشدارینەکردنیان لە هەڵبژاردنەکان راگەیاند.
 
رۆژی 27ـی کانوونی دووەمی 2024، تیروپشکی لایەنە سیاسییەکان لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەڕێوەچوو. گەنج پارتی لە ریزبەندی ژمارە 29دا ناوی تۆمارکرا. بەمەش ژمارەی ئەو پارتە سیاسییانەی تورکیا کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی هەیە، بۆ 34 پارتی سیاسیی کەمبووەوە. 
 
ئەو پارتە سیاسییانەی بەپێی ریزبەندیی تیروپشک مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە ئەمانەن:- 

 

1. پارتی داد و گەشەپێدان – ئاکپارتی 
2. ئیی پارتی – ئیپ 
3. پارتی چەپ – سۆڵ
4. پارتی یەکگرتووی مەزن – بەبەپە 
5. پارتی مەملەکەت – مەملەکەت 
6. پارتی نیشتمانیی دایک – ئەناپ 
7. پارتی دیموکراتی چەپ – دەسەپە 
8. پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی – یەرەپە 
9. پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان – دەم پارتی 
10. پارتی کۆمۆنیستی تورکیا – تەکەپە 
11. پارتی یەکگرتووی ئەنادۆل – ئابەپە 
12. پارتی زافەر – زافەر
13. پارتی رزگاری گەلان – هاکەپە 
14. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا – تەکەهە 
15. پارتی تورکیای سەربەخۆ – بەتەپە 
16. پارتی ئایندە – گەلەجەک 
17. پارتی تورکیای نوێ – یەتەکە 
18. پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە 
19. پارتی رەنج – ئەمەک 
20. پارتی دۆزی رەوا – هوداپار 
21. پارتی ماف و ئازادییەکان – هۆپ 
22. پارتی ئۆجاک – ئۆجاک 
23. پارتی یەکگرتووی داد – ئابەپە 
24. پارتی دیموکرات – دەپە 
25. پارتی یەکێتیی هێزەکان – گەبەپە 
26. پارتی میللـەت – مەپە   
27. پارتی رێگەی نیشتمان – مەیەپە
28. پارتی داد – ئاپە 
29. گەنج پارتی – گەنج 
30. پارتی رووناکی دیموکراسی – ئادەپە 
31. پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی -  مەهەپە 
32. پارتی کرێکاری تورکیا – تیپ 
33. پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن – دێڤا 
34. پارتی سەعادەت – سەپە 
35. پارتی نیشتمان – وەتەن 
 
رۆژی 20ـی شوباتی 2024، دوایین رۆژ بوو بۆ رادەستکردنی لیستی بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا. لەسەر ئەم بنەمایەش، دەستەکە رۆژی 3ـی ئادار، پەسندکردنی لیستی بەربژێرەکان رادەگەیێنێت. هەروەها رۆژی 21ـی ئادار، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ 10 رۆژ ئەنجام دەدرێت و کاژێر 18:00ـی رۆژی 30ـی ئادار کۆتایی دێت.  
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستان 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە