هاوسەرۆکی دەم پارتی: شارەوانییەکانمان لە ژێرخانەوە بۆ سەرخان خزمەت دەگەیێنن

22-02-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان "زۆر بەهێز" دەبن و لە هەڵمەتەکانی دیکەدا جیاواز دەبن. دەشڵێت: "مۆدێلی کارکردنی شارەوانییەکانمان لە ژێرخانەوە بۆ سەرخان دەبێت و دەست بۆ ئەوانە دەبەن کە نەکراون."
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە بڕیارە رۆژی 31ـی ئاداری ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت، رۆژی 21ـی ئادار، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات و تا کاژێر 18:00ـی رۆژی 30ـی ئادار بەردەوام دەبێت. 
 
لەمبارەیەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی شوباتی 2024، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی لە شارۆچکەی گۆلە لە ئەردەخانی باکووری کوردستان رێکخست. 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، لە گوتارێکدا باسی لەوەکرد کە خزمەت بە شارۆچکەکە نەکراوە، بەڵام شارەوانییەکانی دەم پارتی بۆ یەکەمجار بەدەستی بەربژێری ژن، خزمەت دەگەیێننە ئەم شارۆچکەیە و گوتی: "ئامادەین، لە دەرگەی ماڵی هەموو خەڵکی ئەم شارۆچکەیە بدەین، بۆ ئەوەی گوێ لە گلەیی و گازندە و رەخنەکانیان بگرین. سەرۆک شارەوانییەکانمان، لە پاڵ کارنەمەکانیان، بەپێی داواکارییەکانتان و پلانی خزمەتگوزاری دادەڕێژن."
 
راشیگەیاند، "وەک چۆن ئەزموونی بنکە فراوانی جەماوەریمان هەبووە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بەشێوازێکی باشتر و دیموکراسیانەتر کار و چالاکییەکان بەڕێوەدەبەن و ئەم شارۆچکەیە دەکەینە نموونەی پێشکێشکردنی جوانترین خزمەتگوزاری."
 
هاتیمئۆغوڵڵاری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە، خزمەتگوزارییەکانیان جیاواز دەبن، ئەوەش وەکو خۆی دەڵێت، بەهۆی ئەوەی "ئێمە لە ژێرخانەکانەوە دەستپێدەکەین و ئینجا روو لە سەرخانەکان دەکەین و رێگەوبانەکان فراوان دەکەین و ئەوەی بۆ ئەم شارۆچکەیە نەکرابێت و پێشتر بێبەش کرابووبن، دەستیان بۆ دەبەین و دروستیان دەکەین." 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانیی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستان 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانیی شارەکان، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە