عەلی باباجان هەوڵی پێکهێنانی فراکسیۆنێکی نوێ لە پەرلەمانی تورکیا دەدات

22-02-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) رایگەیاند، هەوڵی جیددی دەدەن بۆ پیکهێنانی فراکسیۆنیکی نوێ لە پەرلەمانی تورکیا. 

لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا، شەوی چوارشەممە، 21-2-2024، عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) گوتی، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، فراکسیۆن پێکدەهێنن و ئێستا دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران بەردەوامە.
 
عەلی باباجان سەبارەت بەوەی کە ئایا بۆچی نەبوونەتە بەشێک لە فراکسیۆنەکەی پارتی و سەعادەت و پارتی ئایندە، گوتی: "بوونی فراکسیۆنی سەعادەت زۆر گرنگە. ئەوان نوێنەرایەتیی هێڵێک دەکەن کە ئێمە رێز لەو هێڵە دەگرین. بۆچوونی هاوبەشمان هەیە، بەڵام لە هەندێک شوێندا تێڕوانینی جیاوازمان هەیە. راستییەکەی ئەگەر پارتەکان رێک هەمان بۆچوون و رێباز بن، ئەوا پێویست بە دوو پارتی جیاواز ناکات".
 
لەکاتێکدا پەرلەمانتارانی وەکو پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمان کاردەکەن، عەلی باباجان باسی لەوە کرد لە نێو پەرلەمان لە هەوڵی جیددیدان بۆ پێکهێنانی فراکسیۆن.
 
ئەم گوتانە لەکاتێکدان کە پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) 15 کورسیی هەیە و پیکهێنانی فراکسیۆن پێویستی بە 20 کورسی هەیە. باباجان لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە 15 پەرلەمانتارمان هەیە، بەڵام وا دەبینرێت لە دوای هەڵبژاردن چ لەڕێی هاتنە ریزەکانمان و چ لەڕێی هاوئاهەنگیی ستراتیژی، ژمارەی پەرلەمانتارانمان 20یش تێدەپەڕێنێت. لەمبارەیەوە دیدار و کۆبوونەوەی زۆرمان هەن". 
 
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو دیدارانەی پێکهێنانی فراکسیۆن لەگەڵ کام لایەن و پارت دەکەن، عەلی باباجان رایگەیاند، زووە بۆ ئەو وردەکارییانە و بە دڵنیاییەوە پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بۆ پیکهێنانی فراکسیۆنەکەی، هیچ فراکسیۆنێکی دیکە هەڵناوەشێنێتەوە، دیدارەکانیش زیاتر لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە دەکەن کە لە پارتەکانیان جیابوونەتەوە یان لە سەروبەندی جیابوونەوەن.
  
دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا
 
فراکسیۆنی ئاکپارتی  264 کورسی
فراکسیۆنی جەهەپە  129 کورسی
فراکسیۆنی دەم پارتی  57 کورسی
فراکسیۆنی مەهەپە  49 کورسی
فراکسیۆنی ئیی پارتی  38 کورسی
فراکسیۆنی سەعادەت  20 کورسی
پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن  15 کورسی
پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ   5 کورسی
پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار)  4 کورسی
پارتی دیموکراسی 3 کورسی
پارتی کرێکاریی تورکیا (تیپ) 3 کورسی
پارتی دەبەپە 2 کورسی
پارتی ئەمەک 2 کورسی
پارتی چەپی دیموکراسی 1 کورسی
پەرلەمانتارانی سەربەخۆ 6 کورسی 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە