رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، پار زیاتر لە 937 هەزار منداڵ لەدایک بوون کە 15 هەزار و 65ـیان دووانە بوون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، رۆژی شەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2025، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا 937 هەزار و 369 منداڵ لەدایک بوون.
بەگوتەی یەرلیکایا، 15 هەزار و 65 منداڵیان دووانە، 290 یان سیانە بوون؛ هەروەها شەش ژنیش لە یەک کاتدا چوار منداڵیان بووە.
لەبارەی زۆرترین ناوی دووبارە بووەوەی کچان، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، ناوی دەفنە لە حەوت هەزار و 661 منداڵی کچ نراوە کە بەراورد بە ناوەکانی دیکەی کچان زۆرترینیان بووە؛ دوای ئەویش ناوی 'ئاسەل' لە 7 هەزار و 554 منداڵی کچ نراوە؛ ناوی زەینەب لە 6 هەزار و 722 کچ، ناوی ئاسیا لە 5 هەزار و 167 حەوت و ناوی 'گۆکچە'ش لە 4 هەزار و 838 منداڵی کچ نراوە.
سەبارەت بە ناوی کوڕەکانیش، ناوی ئاڵپارسڵان لە 8 هەزار و 304 منداڵ نراوە؛ دوای ئەو ناوی 'گۆکتوغ' هاتووە و لە 5 هەزار و 796 منداڵ، ناوی یوسف لە 5 هەزار و 34 منداڵ، ناوی مەتەهان لە 4 هەزار و 878 منداڵ و ناوی 'عومەر عەساف' لە 4 هەزار و 349 منداڵ نراوە.
بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەی تورکیا، پێرار لە تورکیا 958 هەزار و 408 منداڵ لە دایک بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ