سەرۆکی جەهەپە: لەبەر خاتری ئەردۆغان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەم پارتی ناپچڕێنین
رووداو دیجیتاڵ
لە سەردانێکی بۆ پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەبارەت بە دەم پارتی رایگەیاند، پارتێکی فەرمییە و پەیوەندییان لەگەڵیدا هەیە.
رۆژی دووشەممە، 22-1-2024، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و شاندی یاوەری سەردانی پارێزگای دێرسیمیان کرد. ئۆزەل سەبارەت بەو گوشارانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێتە سەریان بەهۆی بوونی دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: "ئێمە تەنیا لەبەر ئەوەی کاک تەیب نایەوێت، پەیوەندی لەگەڵ دەم پارتی ناپچڕێنین و بێڕێزی بە دەنگدەرانیان ناکەین".
سەرۆکی جەهەپە هەروەها جەختیکردەوە، دەم پارتی فراکسیۆنی لە پەرلەمان هەیە و جەهەپە هاوشێوەی پارتەکانی دیکە، پەیوەندیی لەگەڵیدا هەیە. هاوکات وەڵامی رەخنەکانی ئاکپارتی، مەهەپە و ئیی پارتی سەبارەت بە بوونی پەیوەندیی جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی دایەوە و گوتی: "هیچ پارتێکی سیاسی کە لە پەرلەمان فراکسیۆنی هەیە و دەنگی خەڵکی بەدەستهێناوە، لە دیدی ئێمەدا شەیتان نییە. داوای کۆبوونەوەیان کرد؛ پێماندان و هاتن کۆبووینەوە. هەڵبژاردنیان کرد، بۆ پیرۆزبایی سەردانمان کردن".
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان باکووری کوردستان و تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نزیکدەبێتەوە و دیداری پارتەکان بۆ رێککەوتن و هاوپەیمانی دریژەی هەیە. لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا ئیی پارتی لەگەڵ جەهەپە لە هاوپەیمانیی میللەت بوون و رکابەریی هاوپەیمانیی جمهووریان دەکرد کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکیانهێناوە. بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ئیی پارتی لە هاوپەیمانییەکە دەرچووە و بە تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکات. هاوکات ئیی پارتی زۆرترین رەخنەی ئاراستەی جەهەپە و دەم پارتییە و کەمتر رەخنە لە دەسەڵات دەگرێت.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە (دەم پارتی) لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.