میدیای تورکیا: پەرلەمان دەنگ لەسەر ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی هەواڵی میدیای تورکیا، رۆژی سێشەممە، 23-1-2024، پەرلەمانی تورکیا لەسەر پرۆتۆکۆلی ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ کۆدەبێتەوە و دواتریش دەنگ لەسەر دەدرێت.
 
پرۆتۆکۆلی ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، کە رۆژی 26-12-2023 لەلایەن لیژنەی کاروبارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا، بڕیارە رۆژی سێشەممە 23-1-2024 لە پەرلەمانی تورکیادا بخرێتە دەنگدانەوە. ئەگەر دەنگی پێویست بهێنێت و پەسند بکرێت، تورکیا بە فەرمی لارینەبوونی خۆی لە ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ رادەگەیەنێت. 
 
لە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ئێوارەی رۆژی 26-12-2023، لیژنەی کاروبارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا، ئەندامبوونی سوێدی لە ناتۆ پەسندکرد. بەشێک لە پەرلەمانتاران داوای بەڵێننامەی حکومەتی سوێدیان لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیا کرد و بڕیاریش درا درێژە بە دیالۆگ بدرێت. ئەوکاتە فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەی کاروبارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کرد، سوێد لە بابەتی کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ پەکەکە هەنگاوی ناوە، بەڵام لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هێشتا ئەنجامی چاوەڕوانکراومان نەبینیوە.
    
رۆژی 28-6-2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد و یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لەسەر داواکاریی بە ئەندامبوونی سوێد و فینلاند کۆبوونەوە. لایەنەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. لە کۆبوونەوەکەدا تورکیا بە مەرج، هەڵوێستی ئەرێنیی بەرامبەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ نیشاندا.
 
دوای کەمتر لە ساڵێک لە داواکارییەکەی، نیسانی 2023 ئاڵای فینلاند لە بارەگای هاوپەیمانیی ناتۆ هەڵکرا و ئەو وڵاتە بووە 31ـەمین ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە.