رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە کۆڵانەکانی ناوچەی ئەسەنیوڕتی ئیستەنبووڵ هێرشی کردە سەر کۆمەڵێک خەڵک و 11 کەسی بە چەقۆ بریندار کرد.
رۆژی 22-01-2024 لە ناوچەی ئەسەنیوڕتی ئیستەنبووڵ، کەسێک بە ناوی (عەبدولڕەحمان ئـ.) بە چەقۆ هێرشی کردە سەر ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک. ئەو هێرشکارە راست و چەپ، بە هەڕەمەکی هێرشی دەکردە سەر خەڵک و بە چەقۆ لێیدەدان. ئەم کارەی لە چەند شەقام و کۆڵانێکدا دووبارە کردەوە.
بەشێک لەو کەسانەی هێرشی دەکردنە سەریان، خۆیان رزگار کرد و بەشێکیشیان بریندار بوون. سێ لەو کەسانە چارەسەری پێویستیان وەرگرت و گەڕێندرانەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام هەشت بریندارەکەی دیکە لە نەخۆشخانە خەوێندران.
دوای رووداوەکە، هۆبەی پۆلیس و ئاسایشی ئەسەنیوڕت دەستی بە ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی (عەبدولڕەحمان ئـ.) کرد و دەستگیری کرد.
بەگوتەی پۆلیس ئەو هێرشکارە پێشینەی تاوانی هەیە، پێشتریش چەند جارێک هێرشی کردووەتە سەر خەڵک و چەند ماڵێکیشی بەرد باران کردووە. دوای ئەوەی بە رێکاری تەندروستیدا تێپەڕێندرا، گواسترایەوە بۆ دادگەی ئێشکگر و چاوەڕێ دەکرێت رووبەڕووی دادوەر بکرێتەوە. (عەبدولڕەحمان ئـ.) چەندین سکاڵای لە دژ تۆمارکراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی ئوموت، کە شوباتی 2023 بڵاویکردووەتەوە، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 3 هەزار و 368 شەڕ کراون کە چەک و ئامرازی دیکەی کوژەریان تێدا بەکارهاتووە. هەروەها لە 616 شەڕدا چەقۆ بەکارهێنراوە. ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا راپۆرتی ساڵی 2023ی رێکخراوەکە بڵاونەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ