یاریدەدەری ئەردۆغان: لەو شوێنەی تیرۆر دەستپێدەکات، سیاسەتی دیموکراسی کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لەگەڵ بووژاندنەوەی سووریا، پەنابەرانی خەڵکی ئەو وڵاتەی دانیشتووی تورکیا دەنێرنەوە زێدی خۆیان؛ دەشڵێت، ''دەمانەوێت سووریایەک دروست بێت، هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کۆبکاتەوە''.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا درەنگانی شەوی هەینی، 21-12-2024، تایبەت بە گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، سووریا چووەتە سەردەمێکی نوێ و رایگەیاند، ''سووریا شۆڕشی گەلی کردووە و حکومەتی خۆسەپێن و دیکتاتۆر کۆتاییهاتووە''.
یڵماز گوتی، ''چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە سووریایەک دروست بێت کە لەژێر چەترێکدا هەموو پێکهاتەکان نەتەوەیی و ئایینییەکان کۆبکاتەوە''.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، رووبەڕووی هەموو هێزێک دەبنەوە کە ببێت بە مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی و گوتی، ''بەردەوام دەبین لە خەباتمان دژی داعش و رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە. وەک چۆن داعش نوێنەرایەتیی ئیسلام ناکات، پەکەکەش نوێنەرایەتیی کورد ناکات. دەبێت ئەم جیاوازییە بەڕوونی بزانین''.
یڵماز گوتیشی، ''ئێمە رێز لە بیروبۆچوونی جیاواز دەگرین، بەڵام لە شوێنێک تیرۆر دەستپێدەکات، سیاسەتی دیموکراسیش کۆتایی دێت. ئەمە تەنیا بۆ تورکیا راست نییە، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتە دیموکراسییەکان راستە. هەربۆیە داوای تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکەین. دەمانەوێت سەد ساڵەی تورکیا، سەد ساڵەی ئاسوودەیی تورکیا بێت''.
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریایی لە وڵاتەکەی گوتی، ''گەلی سووریا خوشک و برای ئێمەن و هاوچارەنووسین. دوای بووژاندنەوەی سووریا لەڕووی ئاسایش و ئابوورییەوە خوشک و برا سووریاییەکانمان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان''.