بوومەلەرزەیەک لە هاتای تورکیا روویدا

رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.1 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای لە باشووری تورکیا روویدا.
سهرۆكایهتی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 21:24 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.1 پلەی رێختەر، لە شارۆچکەی ئەنتاکیا سەر بە پارێزگای هاتای روویدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 9.19 کم تۆمارکرا.
دەزگای ئافاد راشیگەیاند، لە دوای هەردوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی رۆژی 6ی شوبات تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 129 پاشلەرزە روویانداوە، کە 12 پاشلەرزە 6 پلە و 71یان 5 پلە بووە.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 50 هەزار و 783 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 107 هەزار 204 کەس بریندار بوون.