رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە، بەربژێری چوار گەورەشارەوانی دیکەی دەستنیشان دەکات.
کاژێر 14:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکە، سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆکایەتیی چوار گەورەشارەوانی دیکە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەکە تایبەتە بە دەستنیشانکردنی بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانییەکانی هەریەک لە پارێزگاکانی ئادانا، مەرسین، هاتای و ئەسکیشەهیر. بڕیاربوو هەر ئەمڕۆ بەربژێرەکانی گەورەشارەوانییەکانی هەریەک لە پارێزگاکانی ئیزمیر، ئایدن و ئەنتاڵیا دەستنیشان بکەن، بەڵام بۆ پێش سەری ساڵ دواخرا.
دەستنیشانکردنی بەربژێری گەورەشارەوانییەکان بۆ سەرجەم پارتە سیاسییەکان کارێکی ئاسان نییە، بەهۆی ئەوەی گەورەشارەوانییەکان بودجەی ساڵانە و داهاتیان زۆرە و هاوکات دەسەڵاتیان زۆر فراوانە و ژمارەیەکی زۆر لە شارەوانیی شارۆچکەکانیان لەژێر کۆنترۆڵدا دەبێت. بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی بەربژێر دەبن، زۆر بەناوبانگ بن و لەلایەن جەماوەرەوە کەسانی پەسندکراو بن. هەروەها لایەنەکان دەتوانن لە رێگەی گەورەشارەوانییەکانەوە بەڵێنی خزمەتی زیاتر بدەنە جەماوەرەکانیان. گەورەشارەوانییەکان رێگەی چوونە بەرەو دەسەڵات لەم وڵاتەدا.
رۆژی 14ـی مانگ، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە، هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، مەنسوور یاڤاش بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە، مستەفا بۆزبەی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی بورسا، ئەحمەد ئاکن بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی باڵکئەسیر و تانژو ئۆزجان بۆ گەورەشارەوانیی بۆڵو دەستنیشانکران. جەهەپە، ئەم گەورەشارەوانییانەی لە هەڵبژاردنەکانی 2019دا بەدەستهێنا، کە پێشتر سەرجەمیان شارەوانییەکانی ئاکپارتی بوون.
بڕیارە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە درێژە بە کۆبوونەوەکانی بدات بۆ دەستنیشانکردنی 235 سەرۆک شارەوانیی و هەزاران ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بۆ ئۆزگور ئۆزەل، یەکەم تاقیکردنەوە دەبێت و دەیەوێت گەورە شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ و سێ گەورەشارەوانییەکەی بۆڵو، بورسا و باڵکئەسیر بباتەوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی 2019دا لە دەست ئاکپارتی سەندبوو. لە بەرامبەردا ئاکپارتی زۆر بەجیدی کار دەکات بۆ ئەوەی هەردوو گەورە شارەوانییەکە لە جەهەپە بسەنێتەوە.
لە هەڵبژاردنی 2019دا هەدەپە داوای لە دەنگدەر و لایەنگرانی کرد لە بەشێک لە شارە گەورەکانی تورکیادا پاڵپشتی لە بەربژێرەکانی هاوپەیمانیی میللەت بکەن و ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی بەربژێرەکانی جەهەپە بتوانن ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە ببەنەوە. بەمەش جەهەپە چاوی لەوەیە ئەمجارە دەم پارتی هاوکاریان بێت دوای ئەوەی لە ئیی پارتی بێ ئومێد بوون، بۆ ئەوەی بەربژێرەکانیان لە شارە گەورەکان و بگرە لە شارەکانی دیکەش سەربخەن.
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ