پەرلەمانتارێکی دیکەی ئیی پارتی وازی لە پارتەکەی هێنا
رووداو دیجیتاڵ
یوکسەل ئارسڵان، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە بازنەی ئەنقەرە دەستلەکارکێشانەوەی لە پارتەکەی راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەنەوە، سەرۆکی پارتەکەی مەنسور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرەی بە "ترسنۆک" ناوبردووە.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023 لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە ئێکس بڵاویکردەوە، یوکسەل ئارسڵان، دەستلەکارکێشانەوەی لە ئیی پارتی راگەیاند و لەمەودوا لە پەرلەماندا وەکو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ درێژە بە کارەکانی دەدات.
ئارسڵان لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئیی پارتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی و نوێنەرایەتیکردنی خەڵک لە پەرلەمان دامەزراوە و دەڵێت "ئیی پارتی بڕیاریداوە بۆ هەڵبژاردنەکەی 31-3-2024 بێ هاوپەیمانی و بە بەربژێری خۆیەوە بەشداری بکات. من، بە شایەتی بەڕێز سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی هەوڵی زۆرم دا تاوەکو پارتەکەمان لە ئەنقەرە هاوئاهەنگی بکرێت بۆ ئەوەی دەسکەوتەکان بپارێزرێن. جەختم کردەوە لەوەی ئەنقەرە لەگەڵ شارەکانی دیکە جیاوازە و دەکرێت هاوئاهەنگی لێ بکەین. هەروەها باسم لەو پشتیوانی و هاوئاهەنگییانە کرد، کە مەنسوور یاڤاش لەکاتی بەڕێوەبردنی شارەوانی لەگەڵ ئیی پارتی کردوویەتی".
ئەو پەرلەمانتارە هەروەها باسی لەوە کردووە رۆژی 6-12-2023 لەگەڵ مەرال ئاکشەنەر کۆبووەتەوە و باسیان لە ئەگەری هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کردووە. هەروەها دواتر لەسەر رەزامەندیی ئاکشەنەر بۆچوونی ئەرێنیانەی ئیی پارتیی بە جەهەپە گەیاندووە، بەڵام دواجار تووشی دۆخێکی چاوەڕواننەکراو بووە. مەرال ئاکشەنەر رۆژی سێشەممە 19-12-2023 لە پارێزگای ئوشاکی تورکیا هەریەک لە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە و سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی بە ترسنۆک ناوبرد.
یوکسەل ئارسڵان دەڵێت "جگە لەوە هەوڵەکانی من بۆ هاوئاهەنگی بە سیخوڕیکردن و پیلانگێڕی لە دژی ئیی پارتی لە قەڵەمدرا، کە ئەمە بۆ من زۆر ناخۆشە."
یوکسەل ئارسڵان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئیی پارتی راگەیاند و لەمەودواش وەکو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە بازنەی ئەنقەرە درێژە بە کارەکانی دەدات.
رۆژی 15-12-2023 سالم ئەنساریئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ بەهۆی هەڵوێستی نەرێنیی پارتەکەی سەبارەت بە شێخ سەعیدی پیران، دەستی لە پارتەکە کێشایەوە. بەدوایەوە نزیکەی 13 هەزار ئەندامی ئیی پارتی لە ئامەد دەستیان لە پارتەکەیان کێشایەوە و رێکخستنەکانی ئیی پارتی لەو شارەی باکووری کوردستان داخرا.
ئیی پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کە بڕیارە 31-4-2023 بەڕێوەبچێت، بڕیاریداوە بە بەربژێری خۆیەوە بەشداری بکات.