قەدەخەکانی رۆژی هەڵبژاردنی شارەوانیی تورکیا بڵاوکرانەوە: فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی قەدەخەیە

21-12-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-12-2023، چەند بڕیارێکی تایبەت بە قەدەخەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکردەوە، کە بڕیارە 31-03-2024 بەڕێوەبچێت.
 
بەگوێرەی ئەو بڕیارانەی دامەزراوەی فەرمیی هەڵبژاردنی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، رۆژی 31-03-2024 لە کاژێر 06:00ی بەیانییەوە تاوەکو 11:59ی شەو فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان و خواردنەوەیان لە شوێنە گشتییەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. هەروەها جگە لە هێزە ئەمنییەکان، هەڵگرتنی چەک و چەقۆ و کەرەستەیەک کە زیان بگەیێنێت، قەدەخەیە.
 
لە رۆژی هەڵبژاردندا قاوەخانەکان، کافێی خوێندنەوە، کافێی ئینتەرنێت و ناوەندەکانی یاریکردن و کات بەسەربردن دادەخرێن. ئەو شوێنانە ئەگەر خواردنیان هەبێت، تەنیا لەکاتی ژەمەکانی نانخواردندا بۆیان هەیە بیکەنەوە. هەروەها ئاهەنگی بوکگواستنەوە تەنیا لەدوای کاژێر 06:00ی ئێوارەی ئەو رۆژە دەکرێت.
 
لە رۆژی هەڵبژاردندا دەزگا میدیاییەکان بۆیان نییە بەر لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان، ژمارە و بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ئەنجامەکان بڵاوبکەنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، قەدەخەی راگەیاندن کاژێر 09:00ی شەو هەڵدەگیرێت و ئەوکات راگەیاندنەکان بۆیان هەیە ئەنجامەکان بڵاوبکەنەوە.
 
هەر بەگوێرەی بڕیارێکی دیکەی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، 10 رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکان نابێت هیچ راپرسی و پرۆگرامێکی دیکەی دەنگدان بکرێت و بڵاوبکرێتەوە.
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا رۆژی 31-03-2024 بەڕێوەدەچێت. لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی 44.33% و جەهەپە 30.12%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانیی میللەت (جەهەپە و ئیی پارتی) کرد کە بەو پشتیوانییە هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە، مێرسین، ئەنتاڵیا، کڕشەهیر، ئارتڤین، ئەردەخان، بۆڵو و چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی لەدەستدا؛ بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەم پارتی، کە بە جێگرەوەی هەدەپە دادەنرێت، بڕیاریداوە هیچ رێککەوتنێکی شاراوە و ناشەفاف نەکات. ئەگەر هاوپەیمانی بکرێت، دەبێت لەسەر کاخەز بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە