ئەردۆغان: چیدی هاووڵاتیان پێویستیان بەوە نابێت لیرەکانیان بگۆڕنەوە بە دۆلار

21-12-2021
هێمن عەساف
نیشانەکردن تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌ی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گوتارێكی پێشكێشکرد و رایگه‌یاند: "له‌ رێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توركیا بۆ نێو لیستی 10 گه‌وره‌ترین ئابووریی جیهان، تێدەکۆشین بگەینە لووتکە". گوتیشی: "ئه‌و به‌ڵێنه‌مان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، كه‌ كارمه‌نده‌كانمان نه‌بنە قوربانی گرانیی بژێوی‌".
 
سه‌رۆکكۆماری توركیا ئاشكرایكرد، جێگره‌وه‌یه‌كی نوێی دارایی پێشكێش به‌و هاووڵاتییانه‌یان ده‌كه‌ن، كه‌ نیگه‌رانن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دراوی بیانی و گوتی: "لەمەودوا هیچ هاووڵاتییه‌كمان پێویستی به‌وه‌ نابێت پاره‌ی بانكی له‌ لیره‌وه‌ بكاته‌ دراوی بیانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دراوی بیانی به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌". 
 
سه‌باره‌ت به‌ گرفتی دانانی نرخ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی هه‌نارده‌وه‌، ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "ئه‌و هه‌نارده‌كارانه‌مان كه‌ به‌هۆی گۆڕان له‌ نرخی دراوی بیانییا، تووشی گرفت دەبنەوە له‌دانانی نرخدا، له‌ رێگەی بانکی ناوه‌ندییه‌وه‌، نرخی داهاتووی دراویان پێدەدرێت".
 
ئه‌ردۆغان باسی لە رۆڵی حكومه‌ت له‌ پشتیوانیكردنی سیستمی خانه‌نشینی کرد و رایگه‌یاند: "بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ره‌واجی سیستمی خانه‌نشینی تاك، رێژه‌ی پشتیوانیی ده‌وڵه‌ت 5٪ به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ 30٪". ئەردۆغان گوتیشی: "ئیدی ئەم وڵاتە نابێتە بەھەشتی ئەوانەی کە پارەکانیان لە رێگەی رێژەی سوودی بەرز دووھێندە دەکەن، ئیتر ئەم وڵاتە نابێتە بەھەشتی ھاوردەکردن".
 
سه‌رۆکكۆماری توركیا هاوكات جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ لەگەڵ دابەزاندنی رێژەی سوود، لە چەند مانگێکی داھاتوودا دەبینین کە چۆن رێژەی ھەڵاوسان دادەبەزێت. ئاشكرایشی كرد، ئامرازێكی نوێ ده‌خه‌نه‌ به‌ركار كه‌ ده‌سته‌به‌ری گه‌یشتن به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و داهاته‌ له‌ لیره‌ی توركیدا ده‌دات كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ دراوی بیانی بیهێنێت.
 
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گوتی: "پێنج هه‌زار تۆن ئاڵتوون کە بەهاکەی 280 ملیار دۆلاره‌، له‌ژێر سه‌رینه‌كاندا دانراوە. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ بخه‌ینه‌ خزمه‌ت ئابوورییه‌وه،‌ په‌ره‌ به‌ ئامرازی نوێ ده‌درێت".
 
سه‌باره‌ت به‌ وه‌رنه‌گرتنی دوو جۆر باجی دیاریكراو له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خاوه‌نی كه‌مترین مووچه‌ی مانگانه‌ن، ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "ده‌مانه‌وێت فه‌رمانبه‌رانیش بهێنینه‌ نێو ئه‌م چوارچێوه‌یه‌‌ و به‌ كرده‌یی مووچه‌كانیان به‌رز بكه‌ینه‌وه‌".
 
ئەردۆغان رەتیکردەوە تورکیا لەو سیستمە ئابوورییەی هەیەتی پاشگەزببێتەوە، کە ئەو سیستمە بە مۆدێلی چینی ناسراوە و پشت بە هەناردە دەبەستێت. ئەردۆغان گوتی: "توركیا نه‌ نیازی هه‌یه‌ و نه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ بچووكترین هه‌نگاو بۆ دواوه‌ له‌باره‌ی ئابووریی بازاڕی ئازاد و سیستمی بۆرسه‌ بهاوێژێت".
 
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "لێرەوە رایدەگەیێنم، رێگە بە کارێک نادەین ببێتە ھۆی راگرتنی وەبەرھێنان، کەمکردنەوەی دامەزراندن، دابەزینی بەرھەمھێنان و رێگرێکردن لە ھەناردەکردن. داوای وەبەرھێنان و بەرھەمھێنان لە ھەموو ئەوانە دەکەم کە پارەیان ھەیە".
 
ئەردۆغان بەدووری زانی وڵاتەکەی ببێتە دیلی دەستی بڕیارەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و گوتی: "ئیدی وڵاته‌كه‌مان نابێته‌ وڵاتێك، کە ئابووریی و سیاسه‌تی خۆی له ‌رێگه‌ی پرۆگرامه‌كانی سندوقی نێوده‌وڵه‌تیی دراو بكاته‌ بارمته‌ی ده‌ره‌كی". گوتیشی: "هه‌ر كه‌س له ‌رێگه‌ی یاریكردن به‌ نرخی دراو، نرخی به‌رز و گوشاری سوود، بیه‌وێت له‌ رێگه‌ی مۆدێلی ئابووریی به‌سه‌رچووه‌وه‌ وڵاته‌كه‌مان به‌لاڕێدا به‌رێت، هه‌ڵه‌ ده‌كات".
 
له‌باره‌ی ئه‌وانه‌یشی كه‌ داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختە ده‌كه‌ن، ئه‌ردۆغان رووی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی بازرگانی و پیشه‌سازیی توركیا، TÜSİAD كرد و پێیگوتن: "بێ شه‌رم و وه‌ڕسبوون، له‌گه‌ڵ كه‌مال کڵچدارئۆغڵو كۆده‌بنه‌وه‌ و باسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختە ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ خه‌ونه‌، وڕێنه‌ مه‌كه‌ن. چاوه‌ڕێی حوزه‌یرانی 2023 بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە