رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ مانگی تشرینی دووەمی 2024 دەستکاریی رێژەی سوودی بانکی نەکرد و لە 50٪ بە جێگیری هێشتیەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا بە سەرۆکایەتی فاتح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بانکی ناوەندیی تورکیا هاوشێوەی مانگی رابردوو، بڕیاری دا دەستکاریی سوودی بانکی نەکات و لە 50٪ بە جێگیری هێشتیەوە.
لە دەقی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی تورکیادا ئاماژە بەوەدراوە، دابەزینێک لە رەوتی سەرەکیی هەڵاوسان لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەدیکراوە و پێوەرەکانی چارەکی کۆتایی ئەوە دەگەیێنن کە خواستی ناوخۆیی بەردەوامە لە خاوبوونەوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە پشتگیری لە دابەزینی هەڵاوسان دەکات.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی 2023دا و لە دوای 27 مانگ رێژەی سوودی بەرزکردەوە. لە یەکەمین کۆبوونەوەی بانکی ناوەندی بە سەرۆکایەتیی حافیزە گایە ئەرکان، سەرۆکی پێشووی بانکەکە لە 8.5٪ بۆ 15٪ بەرزکرایەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا لە مانگی تەمموزی 2023دا، سوودی بانکی بۆ 17.5٪ بەرزکردەوە. لە مانگی ئابدا، گەیاندییە 25٪. هەروەها لە مانگی ئەیلوولدا بۆ 30٪ و تشرینی یەکەم بۆ 35٪ و تشرینی دووەم بۆ 40٪ و کانوونی دووەمی 2032 بۆ 42.5٪ بەرزی کردەوە.
لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 بانکی ناوەندیی تورکیا بۆ 45٪ بەرزکردەوە. لە یەکەم کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی فاتیح قەرەهان سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی کە لە 22ـی شوبات بەڕێوەچوو، دەستەی کارگێڕی بڕیاریدا رێژەی سوود دەستکاری نەکات و لە 45٪دا بە جێگیری بیهێڵێتەوە.
دەستەی کارگێڕی لە مانگی ئاداری 2024دا، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی بازاڕ رێژەی سوودی لە 45٪ بۆ 50٪ بەرزکردەوە. بەڵام لە کۆبوونەوەکانی مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران، تەمموز، ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەمدا رێژەکەی لە 50٪ بە جێگری هێشتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ