پەرلەمانتارانی هەدەپ دەستیان بەسەر سەکۆی گوتاربێژیی پەرلەماندا گرت

21-11-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
پەرلەمانتارانی هەدەپ دەستیان بەسەر سەکۆی گوتاربێژیی پەرلەماندا گرت.
پەرلەمانتارانی هەدەپ دەستیان بەسەر سەکۆی گوتاربێژیی پەرلەماندا گرت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو وشەیەی جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی 26-10-2023 ئاراستەی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - هەدەپەی کرد، پەرلەمانتارانی ئەو پارتە لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەدا رۆیشتنە سەر سەکۆی گوتاری پەرلەمان و بە چەپڵەلێدان سەرکۆنەیان کرد.
 
جوێنەکەی بریکاری سەرۆکی پەرلەمان کە گرژی دروستکرد ئەوە بوو دوای قسەکانی پەرلەمانتارێکی هەدەپ، وشەی "گەواد"ی بەکارهێنا.
 
کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 21-11-2023ی پەرلەمانی تورکیا گرژی تێکەوت. پەرلەمانتارانی هەدەپ دەڵێن، دەبێت جەلال ئادان بەهۆی ئەو زمانەی بەرامبەر فراکسیۆنی هەدەپەی بەکارهێنا، داوای لێبووردن بکات.
 
سری ساکیک، پەرلەمانتاری هەدەپ بە ئادانی گوت، "دەبێت داوای لێبووردن لەم پەرلەمانە و لە ئێمەش بکەیت؛ هەروەها داوای لێبووردن لە ملیۆنان دەنگدەری ئێمە بکەیت؛ ناتوانیت بەمشێوەیە بابەتەکە تێپەڕێنیت".
 
ئەو گوتەیەی ئادان لە کاتێکدایە، ئەو وشەیەی بەکاری هێنابوو لە کاتێکدا بوو وای زانیبوو مایکەکەی داخراوە، کەچی مایک کراوە بوو و لە ڤیدیۆکانیشدا بە ئاسانی ئەو وشەیە دەبیسترێت. سری ساکیک بە بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی گوت، "دەبێت داوای لێبووردن بکەیت".
 
لەو کاتەدا جەلال ئادان ویستی بابەتەکە دابخات و پەرلەمانتارێکی بانگهێشتی سەر سەکۆ کرد تاوەکو گوتار پێشکێش بکات. بەڵام سری ساکیک بێ مایک و لە دەرەوەی کورسییەکانی فراکسیۆنەکەی قسەی دەکرد. لەو نێوەندەدا جەلال ئادان پێی گوت، "درۆ دەکەیت"؛ سری ساکیک وەڵامی دایەوە و گوتی، "تۆ درۆ دەکەیت".
 
پەرلەمانتارانی هەدەپ چوونە سەر سەکۆی پەرلەمان
 
گرژی بەردەوام بوو و هەرچۆنێک بێت ئەو پەرلەمانتارەی لە سەر سەکۆ بوو، گوتارەکەی پێشکێشکرد. دواتر ساروهان ئۆڵوچ، پەرلەمانتاری هەدەپ لە بازنەی ئەنتاڵیا گوتی، "ئێمە ئەم شێوازەی کارکردن قبووڵ ناکەین. هێشتا داوای لێبووردن ناکەن".
 
ئەوەبوو پەرلەمانتارانی هەدەپ کورسییەکانیان جێهێشت و چوونە سەر سەکۆی نێو پەرلەمان و بە چەپڵە، مامەڵەی جەلال ئادانیان سەرکۆنە کرد.
 
هەرچەندە جەلال ئادان زۆری لەو پەرلەمانتارە کرد کە لە شوێنی خۆیەوە گوتاری پێشکێش دەکرد لە قسەکردن بەردەوام بێت، دەنگی چەپڵەڕێزانی پەرلەمانتارانی هەدەپ زۆر زاڵ بوو.
 
چی روویدابوو؟
 
رۆژی 26-10-2023 دوای ئەوەی سری ساکیک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان-هەدەپ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا ئەو گوتانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای وەبیرهێنایەوە کە ساڵی 2013 لەبارەی کورد و جوگرافیای کوردستان کردبووی و بەرپەرچی جەهەپە و مەهەپەی دایەوە، دیالۆگ لە نێوان جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و سری ساکیک دروستبوو. دوای دیالۆگەکە جەلال ئادان وای زانی مایکرۆفۆنەکەی داخراوە و وشەی "گەواد"ی بەکارهێنا. ئەگەرچی ئەو وشەیە لە پرۆتۆڵی پەرلەمان تۆمارنەکراوە، بەڵام لە ڤیدیۆی راستەوخۆی پەرلەماندا بە روونی تۆمارکراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بڵاوکراوەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە