ماڵپەڕی نزیک لە بزووتنەوەی خزمەت: فەتحوڵڵا گولەن کۆچی دواییکرد

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماڵپەڕی (هەرکول) نزیک لە بزووتنەوەی خزمەت بڵاویکردەوە، فەتحوڵڵا گولەن، رێبەری گولەنییەکان لە نەخۆشخانە کۆچی دواییکردووە.
 
ماڵپەڕی هەرکوڵ کە بە نزیک لە گولەنییەکان ناسراوە، بەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە، 21ـی تشرینی یەکەم) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، شەوی رابردوو باری تەندروستیی فەتحوڵڵا گولەن باش نەبووە؛ هەربۆیە گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.
 
لە پەیامەکەدا هاتووە، "بەڕێز فەتحوڵڵا گولەن کە لە هەموو ساتەکانی ژیانیدا خزمەتی ئیسلام و مرۆڤایەتی دەکرد، کاژێر 21:20 خولەکی شەوی یەکشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆچی دواییکرد. زانیارییەکان سەبارەت بە کار و باری پرسەکەی دواتر لەگەڵ خەڵکدا بەش دەکرێن".
 
فەتحوڵڵا گولەن لە 21ـی ئاداری 1999 بە پاساوی هەبوونی کێشەی تەندروستی، چووە ئەمریکا و هەر لەوێ مایەوە. 
 
حکومەتی تورکیا بزووتنەوەی خزمەت یان گولەنییەکانی خستووەتە لیستی تیرۆر و بە ئەنجامدانی هەوڵی کودەتاکەی 15ـی تەممووزی 2016 تۆمەتباریان دەکات، ئەوە لەکاتێکدایە گولەنییەکان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هەوڵێکی وەهادا هەبووبێت.
 
لە تورکیا لەدوای هەوڵی کودەتا شکخستخواردووەکەی 15ـی تەممووزی 2016، هەزاران فەرماندە و سەرباز و دەیان دادوەر و داواکاری گشتی بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ گولەنییەکان هەیە، خراونەتە زیندانەوە یان لەسەر کار لادراون و دوورخراونەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە