ئاکشەنەر بەربژێری حیزبەکەی بۆ شارەوانیی ئیزمیر دەستنیشانکرد

21-09-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن تورکیا هەڵبژاردنەکانی تورکیا مەراڵ ئاکشەنەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەیەکی پارتەکەیدا مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی، ئومیت ئۆزلالەی وەکو بەربژێری پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئیزمیر ناساند.
 
کۆبوونەوەکەی ئیی پارتی لە پارێزگای ئیزمیر کرا و مەراڵ ئاکشەنەر لە گوتارێکیدا رایگەیاند ئومیت ئۆزلالە، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی پارتەکەی وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیزمیر دیاریکراوە. گوتیشی ئۆزلالە بۆ گەورە شارەوانی و خەڵکی ئیزمیر زۆر گونجاوە و دەتوانێت خزمەتێکی باش بکات، "ئۆزلالە ئیزمیر لە بۆنی ناخۆش و پەنابەران رزگار دەکات."
 
مەراڵ ئاکشەنەر، دەستی بە سەردانی بۆ پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا کردووە و سیاسەتی پارتەکەشی بە روونی دەربڕیوە کە ئەمجارە ئیی پارتی، بە لیستی جیا و دوور لە هاوپەیمانیێتی، بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا دەکات.
 
لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کە 31-3-2019 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی لەگەڵ جەهەپە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی میللەت بەشداریکرد. لەو هەڵبژاردنەدا ئیی پارتی رێژەی 7.45%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. 
 
رۆژی 25ـی تشرینی یەکەمی 2017، دامەزرانی ئیی پارتی لەلایەن مەراڵ ئاکشەنەر راگەیێندرا و هەر خۆشی ئێستا سەرۆکی گشتییەتی. ئیی پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2018ـدا  9.69٪ـی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی پەرلەمانی تورکیای بەدەستهێنا. هەروەها لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 14-5-2023یـشدا 10٪ـی دەنگەکانی بردەوە و 43 کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێنا.  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە