دادگەی ئیستەنبووڵ لەبارەی دۆسیەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کۆدەبێتەوە

21-09-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو-هەولێر

دادگەی ئیستەنبووڵ لەبارەی دۆسیەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کۆدەبێتەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی "گەمژە" بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە 2019دا، داوای چوار ساڵ و مانگێک زیندانیکردن و قەدەخەکردنی لە سیاسەت دەکرێت. 
 
دانیشتنی دادگە کاژێر 11:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئەیلوولی 2022 لە حەوتەمین دادگەی تاوانی ئەنادۆڵی ئیستەنبووڵ دەستپێدەکات. 
 
دوایینجار لە یەکی حوزەیرانی 2022 دا دادگە لەبارەی ئەو دۆسیەیە کۆبووەوە و چاوەڕوان دەکرا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات، بەڵام دادگە بڕیاری کۆتایی نەدا و دانیشتنی داهاتووی بۆ 21ی ئەیلوول دواخست. 
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، دوای ئەوەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2019 ـی شارەوانییەکانی تورکیا هەڵوەشاندەوە، رایگەیاند، "دەسەڵات ئەو هەڵبژاردنەی لە رێگەی ساختەکارییەوە نەبردەوە، دەیەوێ بە بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردن لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بیباتەوە". بەهۆی ئەو گوتانەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئیمامئۆغڵو تۆمارکرا. 
 
یەکەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی دۆسیەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رۆژی نۆی تشرینی دووەمی 2021 بەڕێوەچوو. 
 
ئیمامئۆغڵو لە دانیشتنێکی دادگە کە لە کانوونی دووەمی 2022دا بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوەدا، دەستەواژەی گەمژەی بۆ ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان بەکارنەهێناوە، بەڵکو لە گوتەکانیدا مەبەستی سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا بووە. 
 
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە 2019دا لە لێدوانێکدا لەبارەی ئیمامئۆغڵو گوتی، "بەو گەمژەیە دەڵێم کە چووە لە پەرلەمانی ئەورووپا سکاڵای لە تورکیا کردووە، ئەم میللەتە باجی ئەوەت پێ دەدات"، ئیمامئۆغڵوش لە وەڵامدا گوتی، "ئەوانە گەمژەن کە لە31ی ئاداردا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان هەڵوشاندەوە، با سەرەتا جەخت لەو بابەتە بکاتەوە". 
 
ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بوو کە جەهەپە و ئیی پارتی پێکیانهێنا و هەدەپەش پشتیوانی کرد. دوای 25 ساڵ بە پشتیوانیی کورد، گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵی لە ژێر دەستی ئاکپارتی دەرهێنا.
 
ئیمامئۆغڵو، دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژارنەکانی 31ی ئاداری 2019دا، تەنیا 18 رۆژ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ بوو و دواتر قەییوومی بۆ دانرا و بە بڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ دووبارە کرانەوە. 
 
ئیمامئۆغڵو رۆژی 23ی حوزەیرانی 2019، بە بەدەستهێنانی 806 هەزار و 426 دەنگ، لە بینالی یڵدرمی رکابەری کە بەربژێری ئاکپارتی بوو، بردەوە و لە ماوەی سێ مانگدا بۆ دووەمجار وەک سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە