ئەردۆغان هۆشداری دەداتە یۆنان لە دامەزراندنی بنکەی سەربازی لە نزیک قوبرسی باکوور
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، وەزیری بەرگریی یۆنان تورکەکانی بە داگیرکار ناوبردووە کە "ئەوە بێ ئەدەبییە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە، 21-7-2024، لە کاتی گەڕانەوەی لە قوبرسی باکوورەوە کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە یادی 50 ساڵەی چوونی سوپای تورکیا بۆ ئەوێ سەردانیکردبوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان باسی لە هەڵوێستی لایەنەکانی تورکیا لە بارەی پرسی قوبرسی باکوور کرد و رایگەیاند: "ئەو تابلۆ یەکگرتووەی وەک دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پیشانمانداوە بە گرنگ دەبینم. قوبرس تەنیا دۆسیەی ئێمە نییە، بەڵکو دۆسیەی 85 ملیۆن کەسە. بێ دانانی هاوکێشەیەکی هاوسەنگ، دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی دانوستاندن بە گونجاو نابینین".
ئەردۆغان لە بارەی ئەگەری دامەزراندنی بنکەی دەریایی یۆنان لە نزیک کەناراوەکانی قوبرسی باکوور گوتی: "ئەگەر پێویست بکات بنکەی دەریایی دادەمەزرێنین. ئێمەش رووبەڕی ئاوییمان هەیە. لە دوورگەکەدا باڵەخانەی سەرۆکایەتیی کۆماری قوبرسی باکوور و پەرلەمانی قوبرسی باکوور بنیات دەنێین. ئەوان بنکەی سەربازیی دادەمەزرێنن، ئێمە بنکەی سیاسی دروست دەکەین".
سەبارەت بە گوتەکانی نیکۆس دەندیاس، وەزیری بەرگریی یۆنان کە تورکەکانی بە داگیرکار ناوبردبوو، ئەردۆغان گوتی: "گوتەیەکی لەوە بێ ئەدەبانەتر نییە کە گوتوویەتی تورکەکان داگیرکارن. پێویستە بەڕێز میچۆتاکیسی سەرۆکوەزیران سنوورێکی بۆ دابنێت".
گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان
ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا جگە لەوەی مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە، چەند رەهەندێکی جیاوازیشیان لەخۆگرتووە.
دوورگەکانی دەریای نێوەڕاست، قوبرس و کۆچ چەند بابەتێکن کە تورکیا و یۆنان خاڵی ناکۆکیان لەبارەیانەوە هەیە.
لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە جێگیر نەبوونە.
چوار جار جەنگ لە نێوانیاندا روویداوە:
جەنگی تورکیا - یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەڵقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمیی جیهانی 1914-1918
جەنگی دووەمی یۆنان - تورکیا 1919 - 1922
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوون. هەردوو وڵات ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ، بەڵام دواتر دوای پەیوەندیی ئەرێنی، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوو پەرەی سەند.
تورکیا سوپای ناردە قوبرس و بەشێکی کۆنترۆڵکرد
ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە 1974 بە کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە قوبرس لەلایەن تورکیاوە قووڵتر بوونەوە. تاوەکو ئێستاش سنووری ئاویی ئیجە (ئێگە) خاڵێکی گەورەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵاتە.
ئەوە لەکاتێکدایە، یۆنان 12 دوورگەی سەرەکی لەو سنوورە بە فەرمی خستوونەتە سەر خاکی وڵاتەکەی. بەشێک لەو دوورگانە لە تورکیاوە بە چاو دەبینرێن.
یۆنان، تورکیا بەوە تۆماتباردەکات کە لەو ناوچانەدا بەدوای سەرچاوەی سرووشتیدا دەگەڕێت و هەنگاوەکە بە پاوانخوازی ناودەبات.
هەرچیی تورکیایە یۆنان بە ناردنی چەک بۆ دوورگەکان تۆمەتباردەکات، لەکاتێکدا پێشتر بەڵێننامە لەبارەی جێگیرنەکردنی چەک لەو دوورگانە واژۆکراوە.
دوورگەی کاستیلۆریزوی یۆنان کە لە تورکیا بە دوورگەی مەیس دەناسرێت، تەنیا دوو کیلۆمەتر لە کەناراوی تورکیاوە دوورە. ئەو دوورگە یۆنانییە کێشەی بۆ تورکیا دروستکردووە. یۆنان دەڵێت، بەپێی یاسا و نەخشە دوورگەی خۆیەتی و مافی ئەسینایە جموجۆڵ بە ویستی خۆی لەوێدا بکات. تورکیا ئەوە رەتدەکاتەوە ئەو هەنگاوەی یۆنان بە نایاسایی ناودەبات.