رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، تورکیا هەوڵ دەدات کێشەکانی لەگەڵ حکومەتەکانی سووریا، ئێران و یۆنان قبووڵ بکات، بەڵام کاتێک نۆرەی کورد دێت، وەڵامەکەی تانک و تۆپە.
دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەی کرد.
باکرهان رایگەیاند، "لە دوای 2015 سیاسەت لە تورکیادا داڕێژرایەوە و دەسەڵات لەپێناوی درێژەدان بە مانەوەی، پەنای بەردەوە بەر شەڕ." هەروەها گوتی، "لە رۆژئاڤا خەڵکەکە لە دیموکراسیدا دەژین، کەچی ئەم دەسەڵاتە ئەوان بە هەڕەشە دادەنێت. لە هەرێمی کوردستانی فیدراڵ، لە ئامێدی بنکە دادەنێن و روونە کە مەبەستیان مانەوەیە تاوەکو ماوەیەکی دیکەش."
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت بەوەی لە کاتێکدا هەژاری لە وڵاتدا هەیە، دەستی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردوووە، "دەسەڵاتی تورکیا دوێنێ لە رۆژئاڤا و ئەمڕۆش لە کوردستانی فیدراڵ بەدوای شەڕ و پێکدادانەوەیە. ئێمە ناڕەزایی بەرامبەر ئەمە پێشاندەدەین و قبووڵی ناکەین."
هەروەها رایگەیاند، "پێمان وایە نابێت ئۆپۆزیسیۆنیش پشتیوانی ئەم شەڕە بکات و بخزێتە نێو ئەم یارییەوە. کورد هەڕەشە نییە. ئەو خەڵکەی لە هەرێمی کوردستانی فیدراڵ دەژین، بۆ سەر ئاسایشی تورکیا هەڕەشە نین."
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
چەند هەفتەیەکە شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری دهۆک، بەتایبەتی سنووری قەزای ئامێدی چڕبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ