یەکێتیی ئەوروپا بە مەرج ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتییەکە قبووڵ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتی ئەوروپا داوا دەکات دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا باشتربکرێت و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ یۆنان داواکارییەکی دیکەی برۆکسلە لە ئەنقەرە. ئەوەش لە کاتێکدایە تورکیا خوازیاری ئەندامبوون لە یەكێتیی ئەوروپا یە. 
 
بەرپرسانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی یەکێتییەکە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوە و یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو کۆبوونەوەیە، بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا و ئەندامبوونی تورکیایە لەو یەکێتییە. 
 
بەڵام ئەوروپییەکان بە مەرج دەرگەی ماڵەکایان بەڕووی ئەنقەرە دەکەنەوە؛ جۆزێف بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت، "ئێمە دڵنیاین لەوەی بەرژەوەندییەکی هاوبەش هەیە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا. هەروەها دۆخێكی ئارامی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی دەریای سپیی نێوەڕاست لە بەرژەوەندی سەقامگیریی و ئاسایشی تەواوی ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشەی قوبرس، لەسەر بنەمای رێگەچارەی نەتەوە یەکگرتووەکان خاڵی سەرەکی دەبێت. بۆ نزیکبوونەوەش لە تورکیا، بەرزڕاگرتنی بەهای مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئەنقەرە، خاڵێكی گرنگی دیکەی دەبێت".
 
بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، بەشێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا بریتیین لە؛ باشترکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و سەروەری دامودەزگەکانی دادوەری. هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی درێژخایەنی قوبرس و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ یۆنانی دراوسێی. لە بەرامبەردا تورکیا چاوی لەوەیە، ئەوروپا پرۆسەی بە ئەندامبوونەکەی ئاسانتر بکات و ئاسانکاریش لە وەرگرتنی ڤیزا بە هاووڵاتیانی بکات. هەروەها ئەنقەرە چاوەڕێیە ئەوروپای هاوکاریی بکات بۆ بەهێزکردنەوەی ئابوورییەکەی، لەگەڵ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران.
 
یەکێک لەو وڵاتانەی تێبینی لەسەر داواکارییەکەی تورکیا هەیە، قوبرسە؛ لە ساڵی 1974وە بەشی باکوورەکەی لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادایە. 
 
کۆنستانتینۆس کۆمبۆس، وەزیری دەرەوەی قوبرس لەو بارەیەوە دەڵێت، "پرۆسەی خواستەکەی تورکیا بە قوبرسدا تێدەپەڕێت و چاوەڕێ دەکەین گفتوگۆکانی بە ئەندامبوونی تورکیا ببێتە چارەسەرکردنی کێشەی قوبرسیش. ئەمڕۆ رۆژێکی زەحمەتە بۆ ئێمە، لەبەرئەوەی یادی 49 ساڵەی داگیرکردنی قوبرسە لەلایەن تورکیاوە، ئەوە 17 هەزار و 987 رۆژە، دەبێت ئەمە کۆتایی پێ بێت". 
 
تورکیا بۆ یەکەمجار لەساڵی 1987 داوای ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا کرد. لەساڵی 1999 بە فەرمی بووە ئەندامی بەربژێر و لەساڵی 2005یش گفتوگۆکان دەستیانپێکرد، بەڵام گفتوگۆکان هەڵپەسێدران، ئەمەش لە دوای پاشەکشەی ئەنقەرە لە مافەکانی مرۆڤ و هەڵمەتی دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی خەڵکی سڤیل و چالاکڤان و رۆژنامەڤانان لەدوای کودەتاکەی ساڵی 2016ی تورکیا.