بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی رادەگەیێنێت

21-07-2022
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رێژەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە رێژەی سوودی بانکی بە جێگیری بمێنێتەوە، کە 14%ـە.
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەممووزی 2022 حەوتەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵی بە سەرۆکایەتیی شەهاب کاڤجیئۆغڵو، سەرۆکی بانکی ناوەندی دەکات.
 
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، بانکی ناوەندی لە کاژێر 14:00دا بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی سوودی بانکی لە تورکیا رادەگەیێنێت.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمیی تورکیا، کە بە بەشداریی شارەزایانی ئابووری ئامادە کراوە، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا سوودی بانکی لە 14%دا بە جێگیری بهێڵێتەوە.
 
راپرسییەکی بلۆمبێرگ، کە 17 شارەزای ئابووری تێیدا بەشداربوون، پێشبینیی ئەوەی خستووەتەڕوو کە بانکی ناوەندیی تورکیا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا رێژەی سوودی بانکی دەستکاری ناکات و 14%دا بیهێڵێتەوە.
 
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا لە شەشەمین کۆبوونەوەی ئەمساڵیدا کە لە 23ی حوزەیراندا بەڕێوەچوو، بڕیاریدا بە دەستکاری نەکردنی سوودی بانکی بۆ شەشەمین جاری لەسەریەک و سوودی بانکیی لە 14%دا بە جێگیری هێشتەوە.
 
سوودی بانکی لە تورکیا لە سەرەتای ساڵی 2021دا 17% بوو. بانکی ناوەندیی تورکیا لە 18ی ئاداری 2021دا ئەو رێژەیەی لە 17%ـەوە بۆ 19% بەرزکردەوە و دواتر لە پێنج کۆبوونەوەدا ئەو رێژەیەی جێگیر کرد.
 
لە 23ی ئەیلوولی 2021 بانکەکە رێژەی سوودی بانکی لە 19%وە بۆ 18% کەمکردەوە. لە 21ی تشرینی یەکەمی 2021دا رێژەی سوودی بانکی بۆ 16% و لە 18ی تشرینی دووەمیشدا رێژەکەی لە 16%ـەوە بۆ 15% کەمکرایەوە.
 
بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021 سوودی بانکی لە 15%ـەوە بۆ 14% کەمکردەوە؛ لە کۆبوونەوەی مانگی کانوونی دووەمی 2022ەوە تاوەکو ئێستا بۆ شەش جار لەسەر یەک سوودی بانکیی لە 14% بە جێگیری هێشتووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە