شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە

21-04-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ دیداری ئۆجەلان بەرەو گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوت. 

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتووە بۆ دیداری ئۆجەلان، بەرەو گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوتن. 
 
ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی زانیاری نوێی بڵاونەکردەوە و تەنیا رایگەیاند، لە دوایین پێشهاتدا زانیاری بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە. 
 
شەوی 15ـی نیسانی 2025، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی پارتەکە، گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
رۆژی 01-10-2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیادا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. 
 
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا، دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە. 
 
شاندەکە لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە، کە جاری سێیەم هاوسەرۆکانی دەم پارتی و پارێزەرانی تێیدا ئامادەبوون، دواتر پەیامی 27ـی شوباتی ئۆجەلان بڵاوکرایەوە. 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
 
رۆژی 10ـی نیسان، شاندی ئیمرالی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە. بڕیاربوو رۆژی 18ـی نیسان شاندەکە لەگەڵ یڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێکارە یاساییەکانی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری و بابەتی لێبووردنی گشتی، بەڵام بەهۆی تێکچوونی تەندروستیی سری سورەییا ئۆندەر، کۆبوونەوەکە دواخرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە