سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ رووداو: هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە

21-04-2016
رووداو @Rudawkurdish
...
...
A+ A-
رووداو - هەولێر

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی شەڕی 79 رۆژەی شاری جزیرێ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە ئاماری ترسناکی تێدایە، سەڵاحەدین دەمیرتاش-یش تایبەت بە رووداو رایگەیاند " هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە".

ئامارەکانی نێو راپۆرتەکەی هەدەپە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەنجامەکانی شەڕ بۆ کاتێکی درێژ بەردەوام دەبن، چونکە نازانرێت ئەو زیانانەی  بەر شارەکە کەوتوون چۆن قەرەبوو دەکرێنەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند : '' هیشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە و کۆمەڵکوژی بەردەوامە،  دەبێ لە بارودۆخێکی وەهادا سەرەتا شەڕ بوەستێ. بەتایبەتی بینەرانی رووداو دەزانن لە راپەڕیندا چی روویداوە، دوای راپەڕینی رانیە سەدام حوسێن بە تانک و تۆپی خۆی کەوتە گیانی کوردستانیان بە سووتاندن و رووخاندن، دوو ملیۆن باشووری ئاوارەبوون، بەڵام (باشووری کوردستان) لەسەر پێ وەستا، ئێمەش ئێستا لەهەمان بارودۆخداین''.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە لەسەتا 95-ی خەڵکی ناوچەکە ئاوارەبوونە، سەتان کەس کوژراون بەهەزاران باڵەخانە رووخێنراون و ژێرخانی شار لەناوچووە، لە لایەکی دیکەوە هێشتا شار بێ خزمەتگوزاری، پەروەردە، تەندروستی، ئاو و کارەبایە .

دۆغان ئەرباش، پارێزەر و هاوسەرۆکی هەدەپە لە ئیستەنبوڵ دەڵێ " لەو بارودۆخەدا بەداخەوە نەمانتوانیوە  بابەتەکە ببەینە دادگاکان، بەڵام هاوڕێ مافناسەکانمان هەموو بەڵگەکان ئامادە دەکەن، لێکۆڵینەوە دەکەن کە لە داهاتوودا دەیبەنە دادگا نێودەڵەتییەکان و، بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر سەرۆکایەتی ئایسەل تۆگلوک لیژنەیەکی حقوقی پێکهێنراوە".

ئەم راپۆرتەی هەدەپە لە سەدان لاپەڕە پێکهاتووە، هەم لە تورکیا و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیش بۆ زۆر ناوەندی سیاسی و دیپلۆماسی دەنێردرێن و، بەپێی ئامارەکانی  لە نێو راپۆرتەکەدا بڵاوکراونەتەوە لە ناوچەکانی شەڕ نەک تەنها باڵەخانە و کارگە وێران بوونە، بەڵکو هەموو بەشە مرۆییەکان و شوێنی ژیان زیانی زۆریان بەرکەوتووە .

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە