ئەردۆغان: 21ـی ئادار بە جەژنی بەهار و برایەتی رادەگەیێنم و داوا دەکەم بکرێتە پشووی فەرمی

21-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 21ـی ئادار بە جەژنی بەهار و برایەتی ناودەبات و دەڵێت، ئامادەیە داواکارییەک پێشکێشی پەرلەمانی وڵاتەکەی بکات بۆ ئەوەی نەورۆز بکرێتە پشووی فەرمی. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ لە رێوڕەسمی نەورۆزدا بەشداریکرد و گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەهۆی جۆش و خرۆشی ئامادەبووانی رێوڕەسمەکەوە رایگەیاند: "ئەگەر لێرەدا راپرسییەکی گشتی بکەین، ئامادەن 21ـی ئادار وەک جەژنی بەهار و برایەتی رابگەیێنین؟ ئامادەم داواکارییەکە پێشکێشی پەرلەمان بکەم و داوا دەکەم بکرێتە پشووی فەرمی." 
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، نەورۆز تەنیا یەک نەتەوە خاوەندارێتی ناکات، بەڵکو کولتووری هاوبەشی هەمووانە و لە چەندین وڵاتدا ئەم رۆژە پیرۆز دەکرێت و بەهاکانی بەرز رادەگیرێن.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "با لە جەژنی نەورۆزدا پەیامی پێکەوەژیان و ئارامی بڵاوبکەینەوە."   
 
رێوڕەسمەکەی نەورۆز لە ئیستەنبووڵ لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ رێوڕەسمێکی گەورەی نەورۆز لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو کە تێیدا پەیامی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش خوێندرایەوە.
 
رێوڕەسمەکانی ئەم ساڵی نەورۆز لە کاتێکدان، پڕۆسەیەکی چارەسەری لە تورکیا دەستی پێکراوە و لە رۆژئاوای کوردستانیش پەیەدە و ئەنەکەسە لە رێککەوتن بۆ یەکڕیزی نزیکن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە