دادگاییکردنی بکوژانی پێنج هاونیشتمانیی دهۆک بۆ جاری پێنجەم دواخرا

22-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پرۆسەی دادگاییکردنی بکوژانی پێنج هاونیشتمانییەکەی پارێزگای دهۆک لە مێردینی باکووری کوردستان بەردەوامە، دەستەی دادوەران داوای وردبینی هەژمارە بانکییەکانی بکوژانیان کرد، بەوهۆیەوە دادگاییکردنەکە دواخرا. 
 
پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئاداری 2024، چوارەمین دانیشتنی دادگەییکردنی کەیسی کوشتنی پێنج هاونیشتمانیی پارێزگای دهۆک لەسەر رێگەی نسێبین، بە ئامادەبوونی پێنج تۆمەتبارە سەرەکییەکەی کەیسەکە و پارێزەرەکەیان لەگەڵ پارێزەری بنەماڵەی کوژراوەکانی دهۆک لە چوارەمین دادگەی سزا قورسەکانی مێردین بەڕێوەچوو. 
 
دەستەی دادوەران دوای چاوخشاندن بە دوایین پێشهاتی کەیسەکە، داوای وردبینییان لە هەژمارە بانکییەکانی تۆمەتبارە سەرەکییەکان کرد، بڕیاریاندا دانیشتنی دادگاییکردنەکە بۆ رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2024 دوابخرێت. 
 
هەروەها بڕیاردرا بە بەردەوامی دەستبەسەردکردنی تۆمەتبارە سەرەکییەکانی کەیسەکە. 
 
بەرەبەیانی رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی 2023، لەسەر رێگەی سەرەکی نسێبین- مێردین لە باکووری کوردستان، پێنج کەس بە دەمانچە پەلاماری ئەندامانی دوو خێزانیاندا کە هاونیشتمانیانی پارێزگای دهۆک بوون لە باشووری کوردستان.
 
بە دەستڕێژی گوللـە پێنج کەسیان بەناوەکانی حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا 69 ساڵ، چیمەن شاهین خالید 75 ساڵ (هاوژینی حاجی عەبدوڵڵایە)، هندرێن عەبدوڵڵا ساڵح 39 ساڵ (کچی حاجی عەبدوڵڵایە)، واحیدە حەیدەر جاسم 63 ساڵ و مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم 45 ساڵ کوشت. 
 
رۆژێک دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا چوار تۆمەتباریان بەناوەکانی عەبدوڵڵا قاپلان، فارس ئاکسێڤەر، مورات ئیگیت و ئیبراهیم دۆغان دەستگیرکرد. 
 
لە رۆژی سێیەمی دوای رووداوەکەشدا تۆمەتباری پێنجەمیش بەناوی چیدەم بۆزکورت دەستگیرکران و سەبارەت بە هۆکاری ئەنجامدانی تاوانەکە، لێکۆڵینەوەی وردیان لەگەڵدا کرا. 
 
داواکاری گشتیی کۆماریی لە مێردین؛ لە کۆی تۆمەتەکانی کوشتنی ئەنقەست، تێکدانی دۆخی ئاسایشی ناوخۆ، هەڕەشەکردن بە چەک، هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت، تاڵانکردن، حەشاردانی چەک و شاردنەوەی تۆمەتباران، داوای 11-18 ساڵ زیندانی قورسکراو بۆ هەریەک لە عەبدوڵڵا قاپلان، فارس ئاکسێڤەر مورات ئیگیت و 5-12 ساڵ زیندانی بۆ هەریەک لە ئیبراهیم دۆغان و چیدەم بۆزکورت کردووە. 
 
تاوەکو ئێستا چوار دانیشتنی دادگەیی بۆ پێنج تۆمەتبارە سەرەکییەکە کراوە و دۆسیەکە لەلایەن چوارەمین دادگەی سزا قورسەکانی مێردین بەڕێوەدەچێت. 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە