پەیامی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز

21-03-2021
هێمن عەساف
نیشانەکردن جەژنی نەورۆز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکەن، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاش رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە: ''ئاواتەخوازم ئەو هەستی یەکێتی و پشتیوانییەی کە نەورۆز ئاماژەی بۆ دەکات.. لە تەواوی جیهاندا رەگ داکوتێت و هەمیشەیی بێت".
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامەکەیدا، رۆژی نەورۆز بە موژدەی بەهار و هێمای ئاشتیی و برایەتی پێناسەکردووە و رایگەیاندووە: ''ئاواتەخوازم ئەو هەستی یەکێتی و پشتیوانییەی نەورۆز ئاماژەی بۆ دەکات کە هەزاران ساڵە هەر لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا ئەنادۆڵ و بەلقان لە جوگرافیایەکی فراواندا بە جۆشوخرۆشەوە یاد دەکرێتەوە لە تەواوی جیهاندا رەگ داکوتێت و هەمیشەیی بێت".
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندووە: "بەو ئومێد و جۆشوخرۆشەی کە نەورۆز هێناویەتیە ئاراوە، بە ژن، پیاو، گەنج و پیرەوە شان بە شانی یەک بەردەوام دەبین لەسەر بنیاتنانی داهاتوویەکی خۆشگوزەرانتر، دادپەروەرتر و ئارامتر بۆ وڵاتەکەمان، ناوچەکە و هەموو مرۆڤایەتیی. ئاواتەخوازم نەورۆز ببێتە مایەی خۆشگوزەرانیی و بەرەکەت بۆ گەلە ئەزیزەکەمان و هەموو مرۆڤایەتی، لە قوڵایی دڵمەوە سڵاو لە هەموو هاووڵاتیانمان دەکەم''.
 
لالەیەکی دیکەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە بۆنەی هاتنی نەورۆزەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. بایدن دەڵێت "بەهار هێمایەکی تاهەتاییە بۆ نوێبوونەوە و زیندووبوونەوە لە ئەمریکاوە تاوەکو ئێران، ئاسیای ناوەڕاست، وڵاتانی قەوقاز و، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دڵی خەڵکی پڕ دەکات لە رووناکی و هیوا."
 
هەروەها سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی بەبۆنەی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا رایدەگەیێنێت، نەورۆز کار بۆ چاکبوونەوە و دروستکردنەوە دەکات لەڕێگەیەکی باش و بەهێز بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ سرووشت.
 
ئەنتۆنیۆ گوتیرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکیدا بەبۆنەی نەورۆزەوە رایگەیاند: هەموو ساڵێک نەورۆز ئاماژە بە دەستپێکێکی نوێ دەدات، نەورۆزی رابردوو هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتاکانی پەتایەکی جیهانیی وێرانکەر، نەورۆزی ئەمساڵ لە هەموو کات گرنگترە، هاوخەمیی نێوان کۆمەڵگەکان و نەوەکان لە هەموو کات گرنگترە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە