رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاکە بەهۆی بەردەوامی بەفربارینەوە پشووە. هۆشداریش بە هاووڵاتییان درا، بەهۆی زوقمەوە لە شەوی پێنجشەممەوە زۆربەی رێگە سەرەکییەکان دەیبەستێت.
لە بەرەبەیانی رۆژی 19ـی شوباتی 2025، شەپۆلێکی بەفربارین تەواوی پارێزگای ئیستەنبووڵ بەهەردوو دیوی ئاسیا و ئەورووپای گرتەوە. لە شارۆچکەکانی سوڵتانگازی، ئەیوبسوڵتان و کوچوکچەکمەجە، بەراورد بە شارۆچکەکانی دیکە، زیاتر باری.
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتە سرووشتییەکان AKOM کە سەر بە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵە، رۆژی پێنجشەممە، 20ـی شوبات کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی بە سەرپەرشتی داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ و ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و بەرپرسانی شارەکە رێکخست.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری ئیستەنبووڵ ئەوەی خستەڕوو، رێژەی بەفربارین بەچڕی دوو رۆژی دیکەش بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، بۆ ئەم مەبەستە رۆژی هەینی 21ـی مانگ، لە سەرجەم قوتابخانەکانی ئیستەنبووڵ پشوو دەبێت. بەمەش پشووی قوتابخانەکان لە ئیستەنبووڵ تا کۆتایی هەفتە 23ـی مانگ بەردەوام دەبێت.
پارێزگاری ئیستەنبووڵ راشیگەیاند، پلەی گەرما ئەمشەو تا چوار پلەی ژێر سفری سەدی دادەبەزێت. بەهۆیەوە لە کاتی نیوەشەو بەهۆی زوقم و سەهۆڵبەندانەوە زۆربەی رێگەکان دەیبەستێت و هۆشداری بە هاووڵاتییاندا، ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەکارنەهێنن.
راشیگەیاند، تەنیا ئەمڕۆ بەهۆی بەفربارینەوە لە دیوی ئەورووپای ئیستەنبووڵ 195 رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون. سەرجەمیان بەهۆی خلیسکانیان لەسەر بەفر تووشی رووداو بوونە. لە تەواوی پارێزگاکەش ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروستبووە.
باسی لەوەشکرد، لە هەندێک ناوچە زیاتر لە 70سم بەفر باریووە. لە 24 کاژێری رابردوودا 21 هەزار و 194 تۆن خوێ بە شەقام و کوچە و کۆڵانەکاندا رشێندراوە.
پارێزگاری ئیستەنبووڵ هەروەها هۆشداریی بە هاووڵاتییان دەدات، ئاگاداری خۆیان بن و ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، لە ماڵ دەرنەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ