لە رۆژی زمانی دایک دا لە پەرلەمانی تورکیا رێگری لە زمانی کوردی دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیادا ویستی بە زمانی کوردی پیرۆزبایی رۆژی جیهانیی زمانی دایک بکات، رێگریی لێکرا و چەند جارێک مایکرۆفۆنەکەی داخرا.
 
پەرلەمانی تورکیا لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک، چوارشەممە، 21-2-2024، کەشێکی جیاوازی بەخۆیەوە بینی. بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد، عەرەب و نەتەوەکانی دیکە لەڕێی گوتارەکانی هۆڵی پەرلەمان، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی، تابلۆ و دروشمەوە پیرۆزبایی ئەو رۆژەیان کرد. 
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی مێردین، هەوڵیدا بە زمانی کوردی رۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆز بکات، بەڵام جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە لەسەر پشکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)یە، رێگریی لێکرد و ئەمەی بە پێشێلکردنی دەستوور ناوبرد.
 
سەزایی تەمەللی، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەمبارەیەوە بە بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی راگەیاند کە ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر پیرۆزبایی رۆژی جیهانیی زمانی دایک بە زمانی کوردی و رەتیشیکردەوە کە ئەمە پێشێلی دەستووری تورکیا بێت. 
 
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و هوداپار کە هاوپەیمانی مەهەپەن، بە زمانی کوردی قسە دەکەن.

 

 
هەر بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، سەرکان رامانڵی، پەرلەمانتاری هوداپار لە پەرلەمانی تورکیادا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی بە زمانی کوردی پێشکێشکرد.  
 
دەقی گفتوگۆکەی نێو پەرلەمان
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی:
 
سڵاو لە خەڵکی گشت جیهان و زمانەکانی دایک
بە کوردی قسە دەکات.. دەپچڕێندرێت
مایکەکە داخرا
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: بەگوێرەی سێیەم بڕگەی دەستوورمان، دەوڵەتی تورک لەگەڵ گەلەکەی یەکگرتوو و جیانەکراوەیەوە. زمانەکەشی تورکییە و پێویستە گوتارەکان بە زمانی تورکی پێشکێش بکرێن. بە پێچەوانەوە بەگوێرەی بڕگەی 66ـی پەیڕەوی نێوخۆ، مایکەکە دادەخرێت. ئەوانەی گوتار پێشکێش دەکەن پێویستە رەچاوی ئەم خاڵە بکەن.
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی: ئێوە پیرۆزبایی رۆژی جیهانیی زمانی دایک بە پروپاگەندە هەژمار دەکەن؟ کەوایە بە بەربژێرانی ئاکپارتیتان بڵین لە ماردین، دیاربەکر و ئورفا بە زمانی کوردی پروپاگەندە نەکەن! بەمشێوەیە دووڕوویی خۆتان نیشان مەدەن. 
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: دواجار دەرفەتی قسەکردن بە ئێوە دەدەم، بە درێژی و بە جیا!
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی: ئێستا ناڕوونییەک هەیە! گوتە یەک خولەکییەکەم تەواو بکەم؟ یان..
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: من دووبارە خولەکێکت پێدەدەم
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی: باشە، تکایە قسەم پێ مەبڕن. 
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: بەڵام ئەگەر بە تورکی بێت، خۆشحاڵ دەبم.
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی: بە کورتەیەک و بە زمانی دایکی ئەو خەڵکەی لەم وڵاتە دەژین، رۆژی زمانی دایک پیرۆز دەکەم. تکا دەکەم قسەکانم مەبڕن.
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: سیستم دەیبڕێت، با پێت بڵێم
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی: سیستم نایبڕێت، کەمێک لەمەوبەر هاوڕێمان بە کوردی قسەی کرد و نەپچڕا
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: پچڕێندرا، پچڕێندرا، ئێوە ئاگات لێ نەبووە
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی: من نووسینەکەم دەخوێنمەوە، بەیارمەتیتان
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: ئەگەر بە تورکی بێت، خۆشحاڵ دەبم
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی: من بە زمانی خەڵک، بە کوردی پیرۆزبایی دەکەم
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: ناتوانی پیرۆزبایی بکەیت
 
بێریتان گیونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتی: سڵاو حەوت کیشوەر، سڵاو حەوت هەرێم، سڵاو لە خەڵکی گشت جیهان و زمانەکانی دایک.. زمانی کوردی (مایکەکە داخرا)
 
جەلال ئادان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: کاک سەزایی دەرفەتی گوتە بە ئێوە بدەم؟ فەرموون
 
سەزایی تەمەللی، پەرلەمانتاری دەم پارتی: بەڕێز سەرۆک، پەرلەمانتارانی بەهادار، ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایکە. بەشێوەیەکی ئاسایی هەمووان بە زمانی دایکیان پیرۆزبایی دەکەن و پێویستە هەر واش بێت. تێگەیشتن لەم بێ تەحەمولییە سەختە. ماوەتەوە بڵێم؛ ئەم پیرۆزباییە نەک بڕگەی سێیەم، پێشێلی هیچ بڕگەیەکی دەستوور ناکات. بە پێچەوانەوە بەرگری لە بڕگەی 10 دەکات. بێگومان ئێمە بە زمانی دایکمان پیرۆزبایی دەکەین و بەردەوام دەبین. ئێمەش دەزانین لە تورکیادا تورکی زمانی فەرمییە و دەبێت کاروباری پەرلەمان بە تورکی رایی بکرێت. بەڵێ ئەمە زۆرەملێیەکە لە یاساکانەوە هاتووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئێمە قسە بە زمانی دایک ناکەین و لەم جۆرە یادانەدا بەکاری ناهێنین. تکایە رێز لەمە بگرن. بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئارامگرتن درێژە بە پەیوەندییەکان بدەین.