دەم پارتی سەبارەت بە زمانی دایک بە شەش زمان نامەیەک بۆ یونیسکۆ دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژی جیهانیی زمانی دایک، تونجەر باقرهان و توڵای حاتەمئۆغڵولاری هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بە شەش زمانی جیاواز سەبارەت بە بەرگریکردن لە زمانی دایک، نامەیەکیان بۆ یونیسکۆ نارد.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21-02-2024) هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی، عەرەبی، ئەرمەنی، سووریانی، ئینگلیزی و تورکی نامەیەکیان سەبارەت بە رۆژی جیهانیی زمانی دایک بۆ رێکخراوی یونیسکۆ نارد.
 
لە نامەکەی هاوسەرۆکانی دەم پارتیدا هاتووە "پەروەردە بە زمانی دایک، بە یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی دانراوە، ئەو مافەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسندکراوە و بەسەر هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا سەپێندراوە، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکەن. بەڵام لە تورکیا مافی زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سووریانی، لاز و چەرکەس زەوت کراوە. هەروەها لەسەر خاکی تورکیا بەشێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو، زمانەکانی دیکە بە تورکی کراون و کەوتوونەتە بەر پڕۆسەی تواندنەوە و لە رووی یاسایشەوە قەدەخە کراون".
 
"بەهۆی سیاسەتی بەتورککردن، چەندان زمانی رەسەن لە تورکیا، لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونن. بەپێی ئەتڵەسی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تایبەت بەو زمانانەی لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونن، تاوەکو ئێستا لە تورکیا 18 زمان لەنێوچوون، یاخود لەژێر ‌هەڕەشەیەکی جیدی لەنێوچوونن. لەنێو ئەو زمانانە یەکێکیان زمانی کوردییە. بە بۆچوونی ئێمە بەتورککردنی زمانەکانی دیکەی تورکیا و سیاسەتی لەنێوبردنی کولتووری دژ بە مافەکانی مرۆڤایەتی، دەچێتە چوارچێوەیەکی تاوانکاری. بەڵام تورکیا سەرباری ئەوەی سەبارەت بە پاراستنی زمانەکانی دیکە، بڕیارە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ ناکات، تەنانەت ئەمڕۆ مافی زمانەکانی دیکەی دەرەوەی زمانی تورکیشی پێشێل کردووە." ئەمە وەک لە نامەکەدا هاتووە.
 
رێکخراوی پەروەردە، زانست و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسکۆ) ئاژانسێکی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ئاسایشە لە جیهاندا لەڕێگەی هاوئاهەنگیکردنی نێودەوڵەتی لەبوارەکانی پەروەردە، هونەر، زانست و کولتوورەوە.
 
دەم پارتی هەروەها دەڵێت "ئێمە وەکو پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە، بۆ بەهانەوەهاتنی زمانە جیاوازەکانی تورکیا، داوای بەدەمەوەهاتن لە رێکخراوەکەتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە دەکەین. بۆیە داوای ناساندنی ستاتۆی زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سووریانی، چەرکەس، لاز، ئەرمەنی و رۆمانی بۆشناکییەکان دەکەین لە تورکیا. وەک چۆن داواکارین تورکیا دان بەو بڕیارانەدا بنێت، سەبارەت بە مافی بنەڕەتی مرۆیی لە وڵاتەکەی و جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بەو پرسە."