دەیان حەفارەی هەرێمی کوردستان لە سەمسوور داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان لادەبەن

21-02-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
ژمارەیەک حەفارەی هەرێمی کوردستان لە سەمسووری باکووری کوردستان
ژمارەیەک حەفارەی هەرێمی کوردستان لە سەمسووری باکووری کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خەلیل عەبدوڵڵا، شۆفێری حەفارەیە و یەکێکە لەو شۆفێرانەی هەرێمی کوردستان کە لەسەرەتای بوومەلەرزەکەوە چووەتە باکووری کوردستان و، پاشماوەی خانووە وێرانبووەکانی بوومەلەرزە لادەبەن. ئەوە لە کاتێکدایە کە دەیان حەفارە و ئامێری دیکەی کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان هاوکاریی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەکەن.
 
ئەو شۆفێرانە رۆژانە نزیکەی 10 کاژێر کار دەکەن. خەلیل عەبدوڵڵا کە خەڵکی قەزای بەردەڕەشە و لە سەمسووری باکووری کوردستان کار دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆر سوپاس بۆ خوای گەورە زۆر کەسمان رزگار کردووە و زۆر شتیشمان دۆزیوەتەوە، لەوانە قاسەی پارە و زێڕ، هەموومان داوەتەوە خاوەنەکانیان و زۆر دڵخۆشن بەوە."
 
لە 10ـی ئەم مانگەوە 111 ئامێری هەرێمی کوردستان کە لە شۆفڵ، حەفارە و گەڵابە پێکهاتوون لەگەڵ 200 کەسی دیکە لە سەمسووری باکووری کوردستان کار دەکەن. ئەوان لە کاژێر 7ـی بەیانی تاوەکو 5ـی ئێوارە بەردەوام کار دەکەن و داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان لادەبەن.
 
ئەو ئامێرانەی کاڤین گرووپ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەمسوور کار دەکەن و بەسەر چەند تیمێک دابەش بوون، بەشێکیان داروپەردووەکان لادەبەن و بەشێکیشیان زەوی تەخت دەکەن بۆ ئەوەی کەمپی لەسەر دروست بکرێت.
 
کانیوار جبرایل، سەرپەرشتیاری تیمی کاڤین گرووپ لە سەمسووری باکووری کوردستان دەڵێت، "ئەمەی کە ئێستا بۆ دەوڵەتی تورکیا گرنگە ئەوەیە کە ئێمە شوێنی کەمپەکان ئامادە دەکەین و بۆ دروستکردنی کەمپ پێویستان بە ئامێرەکانی ئێمە هەیە. بە فەرمی داوایان کردووە کە ئێمە زیاتر بمێنین."
 
جگە لەو ئامێرانەی هەرێمی کوردستان کە لە سەمسوور کار دەکەن، 52 ئامێری دیکەیش بۆ رۆژئاوای کوردستان نێردراوە و لەوێ هاوکاریی تیمەکانی فریاکەوتن دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە