رووداو - ئاژانسەكان
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی BDP رایگەیاند، ئەوان پشتگیری لە گۆڕانكارییەكانی یاسای MIT ناكەن، ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە.
پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگری توركیا MIT كە گۆڕانكاری بنەڕەتی لە یاسای MIT لەخۆدەگرێ، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا تاوتوێ دەكرێ. پڕۆژە یاساكە دەسەڵات دەداتە MIT ئۆپەراسیۆن لە دەرەوەی توركیاش ئەنجام بدات، هەروەها دەتوانێ پەیوەندی لەگەڵ هەر رەگەزێكدا بكات كە "هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی" توركیا دەكات.
دەمیرتاش سەبارەت بەهۆكاری ئەم هەڵوێستەی خۆی گوتی: "ئەم پڕۆژە یاسایە بناخەیەكی یاسایی بۆ دانوستاندنەكانی ئیمراڵی ئامادە ناكات، بگرە تەنیا حكومەت و دەوڵەتی توركیا بەهێز دەكات".
گوتیشی "ئەم یاسایە ترس و دڵەڕاوكێی خستووەتە دڵی خەڵكی ئەم وڵاتەوە، ئەگەر بێ دەستكاری و بەمشێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە، ئەوا پشتگیری لە یاساكە ناكەین".
یاسای نوێی میت بەشێوەیەكی گشتی رووبەڕووی رەخنەی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن بووەوە. پارتی گەلی كۆماری CHP بانگەشەی ئەوە دەكات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا دەیەوێ لەرێگەی ئەو یاسایەوە دەوڵەتی هەواڵگری هاوشێوەی دەوڵەتی ئەسەد دابمەزرێنێ.
پارتی نەتەوەپەرستی تورك MHP ەش ئاماژە بەوە دەدا كە ئەم یاسایە وادەكات دەسەڵات توركیا بكاتە وڵاتێكی سیخوڕی و ئیرادەی میللەت بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ