هاوژینی دەمیرتاش: داوام لێبکەن خۆم بۆ شارەوانیی ئیستەنبووڵ بەربژێر بکەم، بیری لێدەکەمەوە

21-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاوژینی سەلاحەددین دەمیرتاش رایدەگەیێنێت، ئەگەر دەم پارتی بە گونجاوی بزانن و داوای لێبکەن بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەربژێر بکرێت، بیری لێدەکاتەوە. 
 
دوای سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی ناوداری کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2024، باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا بۆچوونی خۆی لەبارەی بەربژێربوون بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ خستەڕوو. 
 
باشاک دەمیرتاش، لە وەڵامی پرسیاری "ئەگەر دەم پارتی داوات لێ بکات، خۆت بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەربژێر بکەیت، چۆن وەڵامیان دەدەیتەوە و هەڵوێستت چی دەبێت؟" رایگەیاند، ئەگەر دەم پارتی بە گونجاوی بزانێت و داوام لێبکەن بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی خۆم بەربژێر بکەم، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەم نابێت، بیری لێدەکەمەوە."
 
باشاک دەمیرتاش، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر بەربژێربوون قبووڵ بکات، بۆ ئەوە نییە لە دژی کەسێک بێت یان بۆ دۆڕاندن و سەرخستنی بەربژێرێکی دیاریکراو بێت، بەڵکو بۆ ئەوە دەبێت کە شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ بەدەستبهێنن و دڵنیام ئەنجامێکی باشمان دەبێت. 
 
ئەم لێدوانانەی باشاک دەمیرتاش لە کاتێکدایە، جەهەپە و دەم پارتی دانووستاندنەکانیان بەردەوامە بۆ پرسی پاڵپشتیکردن لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە دەم پارتی چەند مەرجێکی خستووەتە بەردەم جەهەپە. بەشێک لە مەرجەکانی دەم پارتی، داوای راگەیاندنی ئاشکرای رێککەوتنی دوو قۆڵی و بڵاوکردنەوەی مادەکانی رێکەوتنەکە بۆ رای گشتیی دەکات. هەروەها داوای دەنگی جەهەپە دەکات بۆ بەربژێرەکانیان لە سێ شارەوانیی شارۆچکەکانی ئیستەنبووڵ. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا سێ گەورەشارەوانی، پێنج شارەوانیی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە