وەزیری بەرگریی تورکیا داوای چەکدانان لە هەسەدە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا داوا دەکات هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە چەک دابنێن و دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی نوێ هۆشدارییان پێدەدات رەققە و تەبقەش جێبهێڵن.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە کاتی گفتوگۆی بودجە ساڵی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا، لە وەڵامی پەرلەمانتارانی سەبارەت بە کاریگەریی پێشهاتەکانی سووریا لەسەر تورکیا دایەوە، گوتی: "ئێستا لە سووریا، لە ناوچەی عەین عەرەب (کۆبانێ)، ئەندامانی یەپەگە و پەکەکە ناوچەکە جێدەهێڵن... ئیدارەی نوێ بە تایبەتی هۆشدارییان دەداتێ کە واز لە رەققە و تەبقە بهێنن و چەکەکانیان دابنێن."
یاشار گولەر گوتیشی: "پێموایە لە عەین عەرەب و سیرین چەکەکانیان دابنێن، چەکە قورسەکانیش رادەستی ئیدارەی نوێی بکەنەوە و بڕۆن."
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە رۆژی پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ تورکیا ئاگربەست بکرێت، شەڕڤانانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە بۆ پشتگیری هاتوونەتە رۆژئاوای کوردستان، دەگەڕێنەوە.
کشانەوەی ئەو شەڕڤانانەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان نین، یەکێکە لە خواستە سەرەکییەکانی تورکیا و هەر بەو بیانووەش هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کۆبانێ و ناوچەکانی دیکە دەکات.
دەقی قسەکانی یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە پەرلەمانی وڵاتەکە
"لە سووریا ئێستا وەک دەزانن لە ناوچەی عەین عەرەب، ئەندامانی یەپەگە و پەکەکە هێشتا بەرەنگاری جێهێشتنی ناوچەکە دەبنەوە، هەروەها ئەمڕۆ لە ناوچەی حەسەکە هەندێک چالاکییان کرد. ئیدارەی نوێ بە تایبەتی هۆشدارییان دەداتێ کە رەققە و تەبقە جێبهێڵن و چەکەکانیان دابنێن. ئینشەڵڵا پێمانوایە ئەوان دەتوانن لە نێوان خۆیاندا بگەنە ئەم رێککەوتنە. هەروەها لە ناوچەی عەین عەرەب و سیرین پێمانوایە چەکەکانیان دابنێن و چەکەکانیان بە چەکی قورسیشەوە رادەستی ئیدارەی نوێ بکەن و بڕۆن".