رووداو دیجیتاڵ
کەمی خواست وایکردووە بە گشتی لە تورکیادا بەرهەمهێنان لە کارگەکانی پۆشاک بە رێژەی 30% داببەزن.
بەرگدروورانی ئیستەنبووڵ ئەم ساڵ وەکو ساڵی رابردوو بە کارەکەیان دڵخۆش نین و دەڵێن، دەرگەی بازاڕیان بەسەردا داخراوە.
شەرەف فایات، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی پۆشاک دەڵێت، "گەورەترین کێشەمان دابەزینی خواستە لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپاوە کە بازاڕی سەرەکیی ئێمەن. بەهۆی سستبوونی بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، بازاڕی کەرەستە و پۆشاکی ئامادەکراو لە جیهاندا 15% دابەزیوە."
تورکیا ساڵانە زیاتر لە 70%ـی بەرهەمە پۆشاکییەکانی دەنێرێتە بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، بەڵام ئەم ساڵ پێناچێت ئەو رێژەیە بگاتە 50%ش، چونکە تادێت ژمارەی کارمەندانی دەرکراو و کۆمپانیا داخراوەکان زیاتر دەبن.
محەممەد ئاسڵان، بازرگانی پۆشاک و گوتی، "بەراورد بە پار، ئەم ساڵ بەرهەمهێنان و فرۆش 30-40% دابەزیوە. بەشێک لە کۆمپانیاکان دایانخستووە و بەشێکیشیان کارمەندیان کەمکردووەتەوە."
لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا هەناردەی بەرهەمی پۆشاکیی تورکیا بۆ ئەوروپا 22.5% دابەزیوە.
هایاتی ئاکبابا، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەرانی پۆشاکی ئەنقەرە گوتی، "بازاڕی پۆشاک هێزێکی کاریگەری تورکیایە، جا ئەگەر رێوشوێنی پێویست نەگرینە بەر، پێموایە لە رووی ئابووری و هێزی کارەوە بریندار دەبین."
ساڵی 2022 تورکیا بایی 10 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کەرەستەی خاوی رستن و چنین و بایی 21 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار پۆشاکی ئامادەی هەناردەکرد و بووە پێنجەمین گەورە هەناردەکاری پۆشاک لە جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ