شاندی عێراق و تورکیا: لیژنەی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا کارەکانی رادەپەڕێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتاکەی کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاوئاهەنگیی نێوانیان بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و هەواڵگری بۆ رووبەڕبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان تاوتوێ کرا.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی سێشەممە 19-12-2023 لە ئەنقەرە لەلایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاوە پێشوازی لێکرا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس کە دووانیان وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستانن، کۆبوونەوە و دواتریش راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بوون.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، "پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو و باسیش لە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و هەواڵگری بۆ رووبەڕبوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان کرا. عێراق لە سەروبەندی چوونە نێو دیالۆگێکی بنیادنەرانەیە کە وەرچەرخانێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردووڵات دروست دەکات."
دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و شاندی هەردوولا، تورکیا و عێراق راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئەمە دەقەکەیەتی:
1- وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن و شاندەکانیان کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی هەردوولا، رۆژی 19-12-2023 لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
2- لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی مژارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دۆخی ئەمنی، بابەتی ئاو و پەیوەندییەکانی هەردوولا کرد.
3- لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا لایەنەکان کۆک بوون لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لە هەموو روویەکەوە، بە جۆرێک پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و دامەزراوەیی باشتر بکرێن. هەروەها لەمبارەیەوە ویستی سیاسیی خۆیانیان خستەڕوو.
4- لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یەکێتیی سیاسیی عێراق، سەروەری و یەکێتیی خاکەکەی کرایەوە. لایەنەکان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ئەمنیی هەردوو وڵات، باسیان لەو هەڕەشانە کرد کە پەکەکە دروستیکردوون.
5- لایەنەکان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەکرێت بەرەوپێشچوون لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، گواستنەوە و گەیاندن، ژێرخان و زۆر بابەتی دیکەدا بکەن. لەم نێوەندەدا راوێژ لەبارەی ئەو هەنگاوانە کرا کە پێویستە چیی زووە بۆ پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بنرێن کە رۆڵی گرنگی بۆ گەشەپێدانی عێراق هەیە. هەردوولا باسیان لەو دۆخە سەختە کرد کە ناوچەکە لەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا و پرسی ئاو پێیدا تێدەپەڕێت؛ هەروەها بریار لەسەر بەردەوامبوونی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوا درا.
6- شاندی کۆماری تورکیا و شاندی کۆماری عێراق گەیشتنە رێککەوتن لەسەر درێژەدان بە دیدار و کۆبوونەوەی رێک و بەردەوامی بێ پچڕانەوە لەبارەی ئەو بابەتانە.