رووداو – هەولێر
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیستەنبووڵ، 11 گومانلێکراو کە هەشتیان بیانی بوون بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوەکانی وەکو داعش، قاعیدە و دەستەی تەحریر شام دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ بڵاویکردەوە، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری، لە چوارچێوەی کارەکانیان بۆ ئاشکراکردنی کردە و چالاکییەکانی رێکخراوی داعش، هەڵمەتێکیان بۆ سەر ئەو کەسانە دەستپێکرد کە پەیوەندییان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە هەیە.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ و رەزامەندیی دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە. لەم چوارچێوەیەشدا ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان بۆ حەوت ناونیشان لە ناوچەکانی ئاڤجیڵار، بەیلیکدوزو، سولتانبەیلی، فاتیح و سوڵتانگازی ئەنجامدا و 11 گومانلێکراویان دەستگیرکرد کە هەشتیان بیانیی بوون.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، گومانلێکراوەکان لەو کاتەی لە سووریا و عێراق بوون، چالاکییان کردووە و لە دوای هاتنیشیان بۆ تورکیا بەردەوام لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ ناوچەکانی پێکداداندا.
گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکان دوای پشکنینی تەندروستیی بۆیان، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی ئاسایش کران. دوای رێکارەکانی ئاسایش و یاساییەکانیش، دیپۆرت دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ