ئەردۆغان دەڵێت پەکەکەیان لە "سنووری عێراق" دوورخستووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزاریی وڵاتەکەی لە گوتارێکدا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی نوێی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان کرد.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-11-2023) باسی لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەی کرد و گوتی "بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆرستییەکان و تۆڕەکانی تاوان بە پێداگرییەوە درێژە پێدەدەین. لە سەری ساڵەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی دوو هەزار تیرۆریستمان ناچالاک کردوون کە بەشێکیان بەرپرسن."
 
ئەردۆغان هەرروەها رایگەیاند تا لەنێوبردنی دوایین گەریلا کە ئەوان بە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکە دەیبینن، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا بەردەوام دەبن.
 
ئەردۆغان جەختی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سووریا و رۆژئاوای کوردستان کردەوە و رایگەیاند بەو ئۆپەراسیۆنانە ئەو رێڕەوەیان تێکشکاندووە کە پلانی دروستکردنی بۆ داڕێژرابوو، ئەردۆغان ئەو رێڕەوەی بە "رێڕەوی تیرۆر" ناوبرد.
 
هەروەها باسی لەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنانەش کرد کە تورکیا لە ژێر ناوی 'چنگ' دەیانکاتە سەر پەکەکە لە باشووری کوردستان و گوتی "لەڕێی ئۆپەراسیۆنەکانی چنگ، رێکخراوی جوداخوازمان لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق، دوورخستەوە. لە نزیکەوە چاودێریی هەوڵەکانی گەشەپێدان بە رێکخراوی جوداخواز دەکەین. ئەگەر پێویست بێت پێداگرین لەسەر ئەوەی لەڕێی ئۆپەراسیۆنی دیکەوە ئەو پلانە شاراوەیە بەسەر خاوەنەکانیاندا بڕووخێنین. هۆشداریی شەوێک لە ناکاو دێین، هاوشێوەی دوێنێ ئەمڕۆش بەردەستە".