سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا: تورکیا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە


رووداو دیجیتاڵ

شەبنەم کۆرور فینجانجی، سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا رایگەیاند، سوپای تورکیا چەکی کیمیایی لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەکارهێناوە و گوتەبێژێکی ئاکپارتیش ئەمە بە "بوختان" ناودەبات.  
 
دوای بڵاوبوونەوەی چەند دیمەنێک لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە دژ بە پەکەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-10-2022 عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە تویتێکدا بڵاویکردەوە: "ئەوانەی هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار دەکەن، بەشێکن لە تۆڕی بوختان هەڵبەستن. ئەوان هەوڵدەدەن تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی بە بێتاوانی نیشان بدەن". 
 
شەبنەم کۆرور فینجانجی، سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا رۆژی چوارشەممە 19-10-2022 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی تایبەت بە میدیای نزیک لە پەکەکە سەبارەت بەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە کە تێیاندا باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیا لە دژی گەریلاکان دەکرێت گوتی: "من زووتریش لێکۆڵینەوەم بۆ دیمەنەکان کرد. روونە کە ئەو گازە کیمیایی و ژەهراوییانە بەکارهێندراون، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر مێشک و دەمار دروستدەکات. بێگومان زۆر جۆر چەکی کیمیایی هەن. هەرچەندە بەکارهێنانیان قەدەخەیە، بەڵام بەداخەوە دەبینین لە پێکدادانەکاندا بەکاردەهێنرێن".
 
سەرۆکی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا رەخنەی لەو بێدەنگییە گرت کە لەمبارەیەوە هەیە و بە پێویستی زانی لیژنەی تایبەت بەو بوارە کارا بکرێت و دەست بە لێکۆڵینەوە بکرێت. هەروەها ئاماژەی بە رێککەوتننامەی جنێڤ بۆ قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی کرد.
 
ئەم گوتانەی شەبنەم کۆرور فینجانجی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا چەندەها جار هاوبەشیکراوە (شەیرکراوە) و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە میدیای نزیک لە پەکەکە سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتباردەکات. بەڵام حکومەتی تورکیا بە هەموو شێوەیەک ئەمە رەتدەکاتەوە.
 
سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە لەو بارەیەوە لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تویتەر بڵاویکردەوە: "پارێزەرانم پێیان راگەیاندم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیمەن لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی پەکەکە بڵاوکراوەتەوە. پێویستە لیژنەیەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بچێتە ناوچەکە. پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن ناتوانن لەمەڕ ئەو دیمەنانە بێدەنگ بن. چونکە بێدەنگییەکی وەها پەسندکردنی تاوانەکەیە".
 
دەمیرتاش هەروەها جەختیکردووەتەوە هۆکارەکەی هەر چییەک بێت، نابێت چەکی کیمیایی بەکاربهێندرێت و ئەمە تاوانێکی قورسە، هەروەها دەڵێت: "بەرپرسیاری ئەو تاوانە ئاکەپە و مەهەپەن، کە لە سیاسەتی شەڕدا هیچ سنوورێکیان نییە. ئەنجامدەرانی تاوانێکی وەها دەبێت لەبەردەم دادگە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".
 
سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانتارانی هەدەپە چەند جارێک ئەم بابەتەیان ورووژاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم بابەتە بە شێوەیەکی فەرمی لە نێو پەرلەمانی تورکیادا تاوتوێ نەکراوە.