رووداو دیجیتاڵ
هێڵی ئاسمانیی تورکیا بەهۆی مانگرتنی کارمەندانی فڕۆکەخانەکانی ئیتاڵیاوە ژمارەیەک گەشتی بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە.
لە راگەیێندراوێکدا هێڵی ئاسمانیی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەک گەشتی هەڵوەشاندووەتەوە، کە بڕیاربوو رۆژی 21ی تشرینی یەکەم بۆ ئیتاڵیا بکرێن، ئەویش بەهۆی مانگرتنی کارمەندانی فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە، گەشتی ژمارە "TK 1873-1874"ی ئیستەنبووڵ - میلانۆ - ئیستەنبووڵ هێڵی ئاسمانیی تورکیا و گەشتی ژمارە "TK 1895-1896"ی ئیستەنبووڵ - میلانۆ - ئیستەنبووڵ هێڵی ئاسمانیی تورکیا و گەشتی ژمارە "TK 7976-7977"ی سەبیحە گۆکچەن - برگامۆ - سەبیحە گۆکجن هێڵی ئاسمانیی ئانادۆڵوجێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە خۆپێشاندانی کارمەندانی فڕۆکەخانەکانی ئیتاڵیا درێژەیان هەیە و هێڵی ئاسمانیی تورکیا رایگەیاند، بۆی هەیە گۆڕانکاری لە ژمارەی گەشتە هەڵوەشێندراوەکاندا بکرێت، بەپێی دۆخی مانگرتن لە فڕۆکەخانەکانی ئیتاڵیا.
هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەشتانە لە کاتێکدایە، سبەی هەینی 20-10-2022 وەکو رۆژی مانگرتنی سەرتاسەریی کارمەندانی کەرتی فڕۆکەوانیی ئیتاڵیا دەستنیشانکراوە. بەهۆی ئەوەی یەکێتیی سەندیکاکانی کەرتی فڕۆکەوانیی ئیتاڵیا لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە لە بابەتی گرێبەستەکاندا نەگەیشتنە رێککەوتن، دەنگی ناڕەزایی کارمەندانی ئەو کەرتە بەرزبووەوە و دۆخەکە گەیشتە ئەوەی کارمەندانی فڕۆکەخانەکان مانگرتن رابگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ