پەرلەمانی تورکیا بڕیار لەبارەی پەرلەمانتارێکی هەدەپە دەدات

20-10-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی پەرلەمانتارێتیی سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-10-2022 لیژنەی تایبەتی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
دوای کۆبوونەوەی لیژنەکە، نووسراوێک لە بارەی دۆسیەی ئەو پەرلەمانتارە بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا. ئەمە لەکاتێکدایە گوزەل بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەی لەگەڵ گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستبەسەرە و دادگایی دەکرێت.
 
رۆژی 29ی ئەیلوولی 2022، نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی پەرلەمانتاران سەر بە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، تۆمەتنامەی تایبەتی سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپەی رادەستی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە کرد. رۆژی هەینی 14ی تشرینی یەکەمی 2022، دادگەکە داواکارییەکەی پەسندکرد.
 
رۆژی 2ی ئەیلوولی 2022، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی سەمرا گوزەلی لە هەژماری تویتەری خۆی رایگەیاند و گوتی: گوزەل "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ و دەزگای هەواڵگریی میتدا دەستگیرکرا." 
 
رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021، ژمارەیەک وێنەی سەمرا گوزەل لەگەڵ گەریلایەکی پەکەکە بەناوی ڤۆڵکان بۆرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە؛ هەربۆیە رۆژی 11ی کانوونی دووەمی 2022 و لەسەر داوای سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەیەک دژی سەمرا گوزەل لە رێگەی وەزارەتی دادەوە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا و داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لێکرا. پەرلەمانی تورکیاش رۆژی 1ی شوباتی 2022 لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە