گۆڕینی دەستووری تورکیا؛ داواکاری و هێڵی سووری لایەنەکان


رووداو دیجیتاڵ 

بە نزیکەیی تەواوی هێزە سیاسییەکانی تورکیا لەگەڵ گۆڕینی دەستووری وڵات و نووسینەوەی دەستوورێکی تازەن. بەتایبەتی کە ئەم دەستوورەی ئێستا بە بەرهەمی کودەتاکەی 12ـی ئەیلوولی 1980 دەزانن و بە گرنگی دەزانن کۆماری تورکیا لەوە رزگاری بێت.
 
هەر پارتێکی سیاسیی تورکیا چەند داواکاری و نیگەرانییەک، تەنانەت چەند هێڵێکی سووری هەیە.
 
بەشێک لە پارتەکانی تورکیا بەتایبەتیش پارتە کوردییەکان، داوای گۆڕینی یەکەمین چوار مادەی دەستوور دەکەن کە بەگوێرەی مادەی چوارەم، نابێت سێ مادەی یەکەمی دەستوور بگۆڕێن و تەنانەت گفتوگۆشیان لەبارەوە بکرێت.
 
ئەردۆغان: چوار مادەکە مشتومڕ هەڵناگرێت
 
بەرپرسانی ئاکپارتی بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەو دەستوورەی ئێستا، بەرهەمی کودەتایە و دەبێت بگۆڕدرێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا کە لە ئەنقەرە پێشکێشی کرد، گوتی: "نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنیی وەها، سەرچاوەکەی بە تەواوی هەڵقوڵاوی ناخی ئەو کەسانە بێت کە شەوی 15ی تەممووز سینگیان کردە قەڵخان، قەرزە لەسەرمان."
 
سەبارەت بە هەموارکردنەوەی چوار مادە سەرەکییەکەی دەستووریش، کە سەرۆکی هوداپار داوای کردبوو. ئەردۆغان گوتی، "لە روانگەی ئێمەوە چوار مادەی یەکەمی دەستوور هیچ مشتومڕێکی نییە. هاوپەیمانیی جمهوور کێشەیەک و خەمێکی لەو چەشنەی نییە. هەڵوێستی پارتەکەمان لەم بابەتەدا زۆر روونە."
 
سەرۆکی جەهەپە: هوداپار دووژمنی ئاڵایە
 
لە گوتارێکیدا کە رۆژی 17-9-2024 لە باڵکئەسیر پێشکێشی کرد، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بەرپەرچی داواکارییەکەی هوداپاری لەبارەی گۆڕینی چوار مادەکە دایەوە و گوتی، "رۆژێک هێرش دەکەنە سەر جەهەپە و دەڵێن ئاڵا دەهێنێتە خوارەوە، رۆژی دواتر لەگەڵ هوداپار کە دووژمنی ئاڵایە، دەبنە برا. ئێمە کۆماری تورکیا لە دژی ئەوانە دەپارێزین. قۆڵێکی لە قۆڵی مەهەپە هەڵکێشاوە و قۆڵەکەی دیکەشی خستووەتە قۆڵی کۆنە حیزبوڵڵاییەکان کە هوداپارن."
 
ئۆزگور ئۆزەل هەروەها رەخنەی تووندی لە ئاکپارتی گرت و گوتی: "هاوپەیمانییەکەی ئەوان بەرژەوەندخوازانەیە و لە پێناوی مانەوەیانە لە دەسەڵات، رۆژێک لەگەڵ رێکخراوی تیرۆرستیی جوداخواز مامەڵە دەکەن، رۆژێکی دیکە لەگەڵ باخچەلی دەبنە نەتەوەیی."
 
کڵچدارئۆغڵو: چوار ماددەکە بۆ هەموارکردنەوە نین
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئێوارەی چوارشەممە 18-9-2024 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە هەوڵەکانی گۆڕینی دەستوور کرد و هەڵوەستەی لەسەر چوار مادەکە کرد. سەرۆکی پێشووی جەهەپە رایگەیاند، جاران، پێش ئەوەی هوداپار لە پەرلەمان بێت، باسی گۆڕینی ئەو چوار مادەیە دەکرا.
 
کڵچدارئۆغڵو گوتارێکی خۆی وەبیرهێنایەوە کە ساڵی 2015-2016 پێشکێشی کردووە و دەڵێت: "هەرچەندە هێزتان هەبێت، تا یەک پەرلەمانتاری جەهەپە لە پەرلەمان بێت، ئەو چوار مادەیە ناگۆڕدرێت."
 
سەرۆکی پێشووی جەهەپە لەبارەی هەوڵەکانی هوداپار بۆ گۆڕینی ئەو چوار مادەیە رایگەیاند، ئاکپارتی ئەو هەنگاوە لەڕێی هوداپارەوە دەنێت و ئەوان هاوپەیمانن. هەروەها گوتیشی: "با دڵنیا بن کە نە ئەوان و نە گەورەی ئەوانیش، توانای گۆڕینی ئەو چوار مادەیەیان نییە."
 
ئیی پارتی: پێویستمان بە دەسەڵاتێکی نوێیە نەک دەستوورێکی نوێ
 
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی رۆژی 16-9-2024 لە گوتارێکدا رەخنەی لە چەند لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن گرت بەوەی، لە بابەتی هەوڵی گۆڕینی دەستووردا ئارامیی خەڵک تاقیدەکەنەوە.
 
دەرڤیشئۆغڵو ئەو کەسانەی بە "ناکەس" ناوبرد و گوتی، "ئەوەی ئێمە پێویستمانە دەستوورێکی نوێ نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی نوێیە. دروشمی ئەو دەسەڵاتەش دەبێت گەلی تورک بێت نەوەک یەک گەل، دەوڵەتی تورک بێت نەوەک یەک دەوڵەت، نیشتمانی تورک بێت نەوەک یەک نیشتمان، هەروەها ئاڵای تورک بێت نەوەک یەک ئاڵا."
 
ئەم گوتانەی سەرۆکی ئیی پارتی لەکاتێکدایە کە دروشمی ئاکپارتی (یەک گەل، یەک دەوڵەت، یەک نیشتمان و یەک ئاڵا)یە. 
 
سەرۆکی هوداپار: دەبێت لە دەستووردا ناوی تورک و کورد بەیەکەوە بێن
 
زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار رۆژی چوارشەممە 18-09-2024 میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەوبارەیەوە رایگەیاند، کوردیش هاوشێوەی تورک، هاوبەش بووە لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا.
 
سەبارەت بە بوونی ناوی تورک لە دەستوور، لەکاتێکدا نزیکەی 20 نەتەوەی دیکە لە تورکیادا دەژین، یاپیجیئۆغڵو گوتی، "نابێت ناوی میللەتێک بە تەنیا لە دەستووردا هەبێت. ئەگەر لە دەستووردا باسی گەلان بکرێت، دەبێت بگوترێت کورد و تورک پێکەوە ئەو دەوڵەتەیان دامەزراندووە. ئێمە دژی ئەوەین بە تەنیا باسی ناوی یەک میللەت بکرێت. دەبێت مافی مرۆڤەکان یەکسان بێت. نابێت هەندێک خاوەن ماڵ بن و هەندێکیش کرێچی ماڵەکە بن."
 
هەڵوێستی دەم پارتی لەبارەی گۆڕینی دەستوور
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، رۆژی چوارشەممە 18-9-2024 لە پارێزگای مێرسینی تورکیا، لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیاکاران قسەی لەسەر هەمواری دەستوور کرد و گوتی: "لە قۆناخێکدا کە هەڵپەڕکێی کوردی قەدەخە دەکرێت و بۆ دەهۆڵ و زوڕنا داوای مۆڵەت دەکرێت، دەسەڵات بە پێویستی دەزانێت لە دەستووری سەربازی رزگارمان بێت و دەستوورێکی نوێ دابڕێژینەوە. هەمووان دەستوور دروست دەکەن و کەنعان ئەڤرەنیش دەستووری دروست کرد. لە دروستکردنی دەستوور گرنگتر، چۆنیەتییەکەی گرنگە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: "لە وڵاتێکدا کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، سیاسەتڤانان و رۆشنبیران لەسەر بۆچوونەکانیان دەستگیر دەکرێن، کەس پڕۆسەی ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بە هەند وەرناگرێت. ئێمە ئەم پرۆسەیە بە هەند وەرناگرین. دەستوور شتێک نییە سێ چوار پارت لە پەرلەمان کۆببنەوە و دروستی بکەن. بەڵکو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە". 
 
ئەو چوار مادەیەی لە هەموارەکانی دەستووری تورکیا تائێستا هێڵی سوورن، ئەمانەن:
 
مادەی یەکەم: پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە. 
 
مادەی دووەم: کۆماری تورکیا لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئارامی کۆمەڵگە، هاودەنگی و کۆکبوونی نیشتمانی، هەستکردن بە دادپەروەری، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دڵسۆزی و وابەستەیی بۆ بنەماکانی نیشتمانپەروەریی ئەتاتورک، دەوڵەتێکی دیموکراسی، سیکۆلار، سۆسیاڵ و یاساسالارە.

مادەی سێیەم: دەوڵەتی تورکیا بە خاک و میللـەتییەوە یەکپارچەی نەبڕاوەیە، زمانەکەی تورکییە، ئاڵاکەی وەک لە ستایلەکەیدا هاتووە مانگ و ئەستێرەی سپییە باگراوندەکەی رەنگی سوورە. سروودی نیشتمانی "سروودی سەربەخۆییە" و پایتەخی ئەنقەرەیە.
 
مادەی چوارەم: مادەی یەکەم و دووەم و سێیەم بەهیچ شێوەیەک هەموار و دەستکاری ناکرێن و تەنانەت پێشنیازی هەموار و دەستکاریکردنیشی ناکرێت.
 
پرسی داڕشتنی دەستووری نوێ ماوەیەکە لە کارنامەی تورکیادایە. ئەو دەستوورەی ئێستا تورکیا بەڕێوەدەبات لە ساڵی 1982 دوای کودەتای سەربازی ساڵی 1980 بە سەرکردایەتیی کەنعان ئەڤرەن ئامادە کراوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، یاساکە لە سەردەمی کودەتاکە بەجێماوە و پێویستە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.