دەزگای باران تورسون: لە 17 ساڵدا 90 منداڵی کورد لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە کوژراون

رووداو دیجیتاڵ

لە 17 ساڵی رابردوودا، 451 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بە گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی پۆلیس کوژراون، ئەمە داتای راپۆرتێکی دەزگای باران تورسونە کە ناوەندەکەی لە شاری ئیزمیرە. راپۆرتەکە دەڵێت، زۆرترینی ئەو کوژراوانە لە باکووری کوردستانن.
 
محەممەد تورسون، سەرۆکی دەزگای باران تورسون دەڵێ "لە کۆی 451 کوشتن، 91ـیان تەنیا لە شرنەخ بوون. 66ـیان لە ئامەد و 21ـیشیان لە مێردین کوژراون. 219 کەس لەو ناوچانە کوژراون کە تەنیا کوردی لێ نیشتەجێن."
 
هەر بەگوێرەی دەزگای باران تورسون، لەو 451 کەسەی لەلایەن پۆلیسەوە کوژراون، 290ـیان لە باکووری کوردستانن و 161ـیشیان لە شارەکانی تورکیان. لە نێو کوژراواندا 98 منداڵ هەن؛ 90ـیان کوردن و 8ـیان تورکن.
 
محەممەد تورسون هۆکاری ئەو کوشتنانە بۆ تێگەیشتن و هەڵوێستی دەوڵەت بەرامبەر بە کورد دەگەڕێنێتەوە.
 
محەممەد تورسون دەڵێ "دوای ئەوەی دایک و باوک، دواتریش ئەکادیمیای پۆلیسی کوردیان بە تیرۆریست پێناساندن، ئەو کەسانەی دەبنە پۆلیس و دەڕۆنە دیاربەکر، جزیر و شرنەخ. بەر لە هەموو شتێک دەڵێن، ئەوان تیرۆریستن. جا کورد هەر چییەک بکەن، ئەو پۆلیسانە هەر بەمجۆرە بیردەکەنەوە." 
 
دەزگای تورسون ساڵی 2010 لەلایەن خانەوادەی باران تورشەن دامەزرێندرا. باران تورسون، کوڕەکەی ئەوان لە ساڵی 2007 لە ئیزمیر، بە گولـلەی پۆلیس کوژرا.
 
ئەم دەزگایە بە هاوئاهەنگی و پشتیوانیی چەند دامەزراوەیەکی نێودوڵەتیی وەکو یونیسێف و نەتەوە یەکگرتووەکان کاردەکات. راپۆرت لەبارەی پێشێلکارییەکانی پۆلیس بڵاودەکاتەوە و داکۆکیش لە قوربانییان و ماڵباتەکانیان دەکات.