دەمیرتاش دوو ساڵ و نیوی دیکە سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

دوێنێ کاژێر 11:08
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و هاندانی خەڵک بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەت و نانەوەی رق و کینە، بە دوو ساڵ و 6 مانگی دیکە زیندانیکردن سزادرا.
 
شەوی رابردوو دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە 14ەیەمین دادگای سزا قورسەکانی مەرسین بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بەڕێوەچوو. دەمیرتاش لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە کە 8 ساڵە تێیدا زیندانیکراوە، بەشێوەی ئۆنلاین بەشدار بوو. 
 
دادگاییکردنەکە تایبەت بوو بە گوتە و گوتارەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵانی 2015 - 2016 لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی لە ئامەد، مێردین، ئەنقەرە و مەرسین، ئەوەش کاتێک هاوسەرۆکی هەدەپە بوو.
 
هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی ئەو کات؛ سوپای تورکیا و فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمەی بەوە تۆمەتبار کرد کە هاوکاریی داعش و دەستەی تەحریری شام لە سووریا دەکەن.
 
لە دادگاییکردنەکەدا 10 تۆمەت ئاراستەی دەمیرتاش کرابوون کە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە مەرسین لە مانگی ئایار دژی دەمیرتاش جووڵاندبوونی.
 
هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەرکۆنەی بڕیارەکەیان کرد و رایانگەیاند، "بڕیاری 2 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی دەمیرتاش وەک نەبوو، هەژمار دەکەین و رەوایەتی پێنادەین. گوتەکانی دەمیرتاش گوتەی ئێمەشە و پشتیوانی دەکەین."
 
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، دوای 84 دانیشتنی دادگاییکردن لە دۆسیەی ناسراو بە دۆسیەتی کۆبانێ، دەستەی دادوەرانی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، رۆژی 16ـی ئایاری ساڵی 2024، سەلاحەدین دەمیرتاشی بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادا. 
 
دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
 
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ـی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. 
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 
 
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی عەقید عەبدوڵڵا جەم دەمیرکان لە سوپای تورکیا

سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی دوای برینداربوونی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی بە پلەی عەقید راگەیاند، کە رۆژی 12ی تەممووزی 2024 لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە ناوچەی زاپ لە سنووری پارێزگای دهۆک بە سەختی بریندار ببوو. لە رووداوەکەدا سەربازێکی دیکەش دەستبەجێ کوژرا