سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی دوای برینداربوونی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی بە پلەی عەقید راگەیاند، کە رۆژی 12ی تەممووزی 2024 لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە ناوچەی زاپ لە سنووری پارێزگای دهۆک بە سەختی بریندار ببوو. لە رووداوەکەدا سەربازێکی دیکەش دەستبەجێ کوژرا.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ی تەممووزی 2024 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی بەناوی عەبدوڵڵا جەم دەمیرکان، ئەفسەری هێزی وشکایی ئەرکدار لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، رۆژی 12ی مانگ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەیەکی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی زاپ، مینێک لەژێر پێی سەربازێک بەناوی بەهادر ردڤان تالای تەقییەوە کە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و عەقید عەبدوڵڵا جەم دەمیرکانیش بە سەختی بریندار بوو.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، دوای هەفتەیەک چارەسەرکردن و سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، عەقید عەبدوڵڵا شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی سەربازی لە ئەنقەرە گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی 19ـی مانگیش وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی 5 گەریلای پەکەکەی لە ئەنجامی بۆردوومانێک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە چیای گارە لە سنووری پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، هەر لە بۆردوومانەکەدا 3 پێگەی پەکەکە لە گارە، زاپ و ئاڤاشین لە پارێزگای دهۆک بۆردوومانکراون کە کۆگای چەک و شوێنی مانەوەی گەریلاکان بوون.
 
رۆژی 16ـی مانگیش ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، رایگەیاند، لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک شەڕ لەنێوان گەریلاکان و سەربازانی سوپای تورکیا روویداوە و لە ئەنجامدا 4 سەرباز کوژراون و سەربازێکی دیکەش برینداربووە.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
بەڵام چەند هەفتەیەکە شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا لە پارێزگای دهۆک بەتایبەت لە سنووری قەزای ئامێدی زیادیکردووە.