ئەردۆغان: پێویستە ئێستا هێزەکانی ئەمریکا ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فوڕات لە سووریا جێبێڵن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وەکو بەشێک لە پرۆسەی گفتوگۆی ئاشتی، پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فوڕات لە سووریا بکشێنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاندووە، "پێویستە ئەمریکا ئێستا رۆژهەڵاتی فوڕات جێبهێڵێت. ئەمە ئەنجامی پرۆسەی ئاشتیی ئاستانەیە. تورکیا چاوەڕوانی ئەوەیە، چونکە ئەوە ئەمریکایە کە گرووپە تیرۆریستییەکانی دەوێ و بەخێودەکات، ئەگەر ئەمریکا لەم ناوچەیە پاشەکشە بکات یان دەستبەرداری بەخێوکردن و پاڵپشتیکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بکات، ئەوکات ئەرکی ئێمە ئاسانتر دەبێت."
ئەردۆغان لەکاتی گەڕانەوەی لە تارانەوە بۆ ئەنقەرە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و جەختی لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردەوە و گوتی، "تاوەکو ئەو کاتەی نیگەرانییەکانی ئەنقەرە نەڕوێنرێنەوە، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە لەسەر مێز دەبێت."
رۆژنامەڤانان لە ئەردۆغانیان پرسی: لە کاتێکدا گرژیی و ئاڵۆزیی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ رووسیا و ئێران هەیە و ئێوەش بەشداربوون لە لووتکەی ئاستانە، دوای لووتکەکە تاوەکو چەند کاریگەری بەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دەبێت کە سوپای تورکیا بەنیازە لە سووریا بیکات؟ ئایا هیچ گۆڕانکارییەک روودەدات؟
ئەردۆغان گوتی، "ئەگەر حیسابی هەبوون و نەبوونی گۆڕانکارییەکان بکەین، لووتکەی ئاستانە هیچ مانایەکی نابێت؟ ئەی بۆچی لووتکەی ئاستانە هەیە؟ تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سووریا نییە، بەڵام کێشەی ئێمە کێشەی ئەمنی و تیرۆرە و بابەتی ناوچەی ئەمنیمان هەیە کە دەبێ لە قوڵایی 30 کیلۆمەتر ناوچەی پارێزراو هەبێت. سنوورەکانمان بەردەوام رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. سەربازمان شەهید بووە، هاووڵاتییانمان کراونەتە ئامانج. ئەمە تەنیا بۆ سەر خاکی ئێمە و هاووڵاتییانمان نەبووەتەوە، بەهەمانشێوە هێرش کراوەتە سەر خەڵکی سڤیل لە ئیدلب و هاووڵاتیی بێتاوان کراونەتە قوربانی. ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەم راستیانە بۆ هەموو جیهان روون بکەینەوە و تێیان بگەیێنێت".
هەرچەندە هەر یەک لە رووسیا و ئێران لە لووتکەی تاران بە راشکاوی بە تورکیایان راگەیاند کە لەگەڵ هێرشی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان نین، بەڵام ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "تاوەکو ئەوکاتەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لەبارەی ئاسایشی نیشتمانیی بۆ هەمیشە دەڕەوێتەوە بابەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازیی بەکراوەیی دەمێنێتەوە و هیچ کاتێک پاشگەز نابینەوە."
ئەردۆغان هەروەها گوتی: "هێزەکانی ئەمریکا مەشق و راهێنان بە ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی دەکات. لەم نێوەندەدا هەر رێکخراوە تیرۆریستیەکانن ئاڵای سووریایان هەڵکردووە، بۆچی؟ ئەوان پێیانوایە بەم کارە دەتوانن تورکیا هەڵخەڵەتێنن بۆ ئەوەی تورکیا ئۆپەراسیۆن لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی نەکات. ئێمە زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو پێشهاتێکی ورد لە رۆژهەڵاتی فورات، عەفرین و ئیدلب دەکەین. لە سەرەتاوە باسمان لەوە کردووە کە دەبێ لە قوڵایی 30 کم ناوچەی ئارام دابمەزرێت و دایدەمەزرێنین."
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران و تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "داوامانکردووە رووسیا و ئێرانیش لەم بابەتەدا لە پاڵ تورکیادابن و پاڵپشتیی پێویستمان بکەن. ئەم بابەتەمان رووبەڕوو بۆ پووتین و رەئیسی خستە سەرمێزی گفتوگۆ. پێموایە جیاوازی بیرکردنەوەمان نییە لە بابەتەکانی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە، بەڵام دوای ئەم قۆناخەش بەوردەکاریی زیاترەوە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین."