میدیای تورکیا سات بە ساتی چۆنیەتی دیاریکردنی شوێنی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رەتیکردەوە، درۆنی دەرەکی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەی ئیبراهیم رەئیسی و شاندی یاوەری دۆزیبێتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 20-05-2024، میدیاکانی تورکیا خولەک بە خولەکی چۆنیەتی هەستان و فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تیها و چۆنیەتی دیاریکردنی شوێنی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسیان بڵاوکردەوە.
 
 پرۆسەکە چۆن بووە؟
 
- کاژێر 20:00 وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا کردووە، هێلیکۆپتەرێکی تایبەتمەند بە گەڕان و دۆزینەوەی شەوانەیان بۆ دابین بکات، تاوەکو بۆ دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی بینێرنە ئێران بۆ هاوکاری تیمەکانی گەڕان و دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی.
 
- دوای ئەو داواکارییەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، وەزارەتی بەرگری لەگەڵ هێلیکۆپتەرەکە، پێشنیازی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تیهاشی کردووە.
 
- کاژێر 20:30 بەرپرسانی ئێران پێشنیازەکەی تورکیایان پەسند کردووە. دوای ئەمە وەزارەتی بەرگری فەرمانی کردووە بۆ ئامادەکاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.
 
- کاژێر 20:20 وەزارەتی بەرگریی تورکیا رەزامەندی سەرۆککۆماری تورکیای وەرگرت بۆ چوونە دەرەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تیها بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا.
 
- کاژێر 22:30 وەزارەتی بەرگری تورکیا فەرمان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تیها A6 دەکات بۆ ئەوەی بە چەک و تەقەمەنی سنوور تێپەڕێنێت.
 
- کاژێر 23:00 بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئێران بەهۆی ئەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە هەڵگری چەک و تەقەمەنی بووە، رێگە نادەن بچێتە ناو سنووری ئێران.
 
- کاژێر 23:18 لە فڕۆکەخانەی سەربازی باتمان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تیها A5 بەبێ چەک بەرەو ئێران دەفڕێت.

 

 
- کاژێر 00:13 لە سنووری پارێزگای وانەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دەچێتە نێو خاکی ئێران.
 
- کاژێر 00:45 درۆنەکە دەگاتە شوێنی رووداوەکە و لە بەرزی 30,000 پێ لە ئاستی دەریاوە، هەوڵی دەستنیشانکردنی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی دەدات.
 
- کاژێر 02:22 بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، فڕۆکەکە ناتوانێت هیچ وێنەیەکی شوێنەکە بگوازێتەوە و ئامانجەکەی پێ دەستنیشان ناکرێت. بۆیە پێ بە پێ نزم دەبێتەوە، تاوەکو دەگاتە بەرزی 9,000 پێ بەرزی لە ئاستی دەریاوە. لەو ئاستەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە دەتوانێت شوێنی رووداوەکە دەستنیشان بکات.
 
- کاژێر 02:37 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تیها، یەکەم دیمەنی تۆمارکراوی شوێنی رووداوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی بەش کردووە.
 
- کاژێر 04:30 تیمە فریاگوزارییەکانی ئێران گەیشتوونەتە ناوچەی رووداوەکە.
 
- کاژێر 05:46 تیمەکانی فریاکەوتنی ئێرانی دەگەنە یەکەم پارچەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی.
 
- کاژێر 05:50 بەرپرسانی ئێران بەهۆی ئەوەی فڕۆکەی دیکە دێتە ناوچەکە، لەگەڵ سوپاسگوزاریان، داوای جێهێشتن و گەڕانەوەیان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تیها کردووە.
 
- کاژێر 06:01 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکینجی تیها شوێنی رووداوەکە جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە.
 
- کاژێر 06:45 دوای حەوت کاژێر و 27 خولەک فڕین، گەڕایەوە تورکیا و لە فڕۆکەخانەی وان نیشتەوە.